فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: حكوومه‌تى فیدراڵ قه‌ره‌بووی كه‌سوكارى قوربانييانی ئه‌نفالى بارزانییەکان بکاتەوە

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی شۆڤێنیستی دەکاتەوە، هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات قه‌ره‌بووی كه‌سوكارى قوربانييانی ئه‌نفالى بارزانییەکان بکاتەوە.

هەینی 1ـی ئابی 2025، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لەم ڕۆژە پڕ لە ئازارەدا یادی 42 ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق بەرانبەر بە زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی بێتاوانی بارزانی ئەنجامی دا، کۆمەڵکوژییەکە یەکێکە لە قێزەوەنترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە مێژوودا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە لە بەردەم ڕۆحی ئەو شەهیدانەدا وەستاوین، کە تاکە تاوانیان ئەوە بوو ڕۆڵەی گەلی سه‌ربه‌رزی كوردستان بوون، کە بۆ بەرگریکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی خۆیان ڕاپەڕی بوون، چیرۆکە تیراژیدی و پڕ لە ئازارەکانیان تا ئێستاش لە ویژدانی هەموو کوردێکدا بە زیندوویی ماوەتەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی بارزانییەکان بکاتەوە. هەروەها فراکسیۆنەکە جەختی لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی شۆڤێنیستی کردەوە، وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات.

هەروەها فراکسیۆنەکە جەختیش لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە هەر کەسێک دەکات، کە هەوڵی تێکدانی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی بدات.

ئەنفالی بارزانییەکان

42 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 31ـی تەممووزی ساڵی 1983، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی 90 ساڵان بە زۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. 

ئەو تاوانە بەشێك لەو تاوانانە بوو كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاووڵاتیانی كورد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment