ئاژانسی فارس: ئێران 'ئەنجوومەنی باڵای بەرگری' دادەمەزرێنێت

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەگۆڕێت و ئەنجوومەنێکیش بە ناوی 'ئەنجوومەنی باڵای بەرگری' پێک دەهێنرێت. 

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی ئەمنی و سەربازیی وڵاتەکەی دوای شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل،کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەدا پێک هێناوە و ئەنجوومەنێکیشی بە ناوی 'ئەنجوومەنی باڵای بەرگری' دامەزراندووە.

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئاماژەی بەوە داوە، عەلی لاریجانی کە ئێستا ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانە؛ دەکرێتە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و عەلیئەکبەر ئەحمەدیان کە ئێستا سکرتێری ئەنجوومەنەکەیە، بەرپرسیاریەتیی ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت و ستراتژیی وڵاتەکەی پێ دەسپێردرێت.

ئاژانسی "فارس" ئاماژەی بەوەش داوە، بەزوویی پێکهاتەی ئەنجوومەنە نوێیەکەی بەرگری ڕادەگەیەندرێت و بەرپرسیاریەتیی ستراتیژی لە بواری سیاسەتەکانی بەرگریی وڵاتەکەدا لەئەستۆ دەگرێت و بە بەشێک لە ڕێکخستنی نوێی حووکمڕانی لە بواری بەرگری و ئاسایشدا دادەنرێت.

لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیشدا ئەنجوومەنی باڵای بەرگری هەبوو کە ئەرکی بەڕێوەبردن و بانگەشەکانی جەنگی لە ئەستۆ بوو. ئێستاش پێ دەچێت دامەزراندنی ئەنجوومەنی بەرگری هاوتەریب لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ جوداکردنەوەی لایەنی بەرگری و ئەمنی لە سەردەمی شەڕدا بێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لەناو شەڕدا دەبینێت.

هاوکات باس لەوەش دەکرێت، ئەگەری هەیە بە سپاردنی ئەرکی جودا بە هەروودوو ئەنجوومەنە هاوتەریبەکە کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ ئەگەری گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی و بڕیاری ئێران بۆ دەرچوون لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (ئێن.‌پی. ‌تی.) ئامادە بکات و لەو بارەدا ئەنجوومەنی بەرگری بتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی و مووشەکی دووربڕی بالیستی تا مەودای چوار هەزار کیلۆمەتر دروست بکات.

عەلی سەعیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەقیدەیی-سیاسیی خامنەییش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەبێ بە سیستمی بەرگری-ئەمنی و پاراستنی سنوورەکاندا بچنەوە و پەرە بە چاودێرییە هەواڵگرییەکان بدەن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment