بەڕازیل دۆڕا و نەگەیشتە یاری کۆتایی

هەڵبژاردەی باڵەی بەڕازیل لە قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکان، رووبەڕووی هەڵبژاردەی باڵەی پۆڵەندا بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام دۆڕاند و نەیتوانی جارێکی دیکە وەکو خاوەنی زۆرترین ناسناو، سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی.
هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و پۆڵەندا، لە یاری کۆتایی خولی باڵەی نەتەوەکانی جیهان، لە شاری نینگبوی چین رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لە کۆتاییدا پۆڵەندییەکان توانیان براوەی یارییەکە بن. سەرەتا سێتی یەکەم یاریزانانی پۆڵەندا توانیان، ئەم سێتە بە ئەنجامی 28-26 خاڵ لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
سێتی دووەم یاریزانانی بەڕازیل هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئەنجامی یارییەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم سێتەش باڵابەرزەکانی پۆڵەندا بوون، توانی بە ئەنجامی 25-19 خاڵ لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە و تەنها هەنگاوێکیش لە یاری کۆتایی نزیک کەوتنەوە.
سێتی سێیەم راهێنەری سامبا چەند گۆڕانکارییەکی کرد، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو هاوکێشەکە، بەڵام هەموو پلانەکانی بێ سوود بوون و هەڵبژاردەی بەرامبەر، توانی ئەم سێتەش بە ئەنجامی 25-21 خاڵ بباتەوە و سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی.
بڕیارە رۆژی یەک شەممەی داهاتوو هەردوو هەڵبژاردەی پۆڵەندا و ئیتاڵیا، لە یاری کۆتایی خولی نەتەوەکانی جیهان رووبەڕووی یەکتری ببەنەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی ناسناوەکە، هەروەها هەڵبژاردەکانی بەڕازیل و سلۆڤینیا ئەوانیش لە پێناو بەدەستهێنانی پلەکانی سێیەم و چوارەم رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.