تەلئەڤیڤ..خۆپیشاندەران داوای ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن

ستیڤ ویتکۆف لە غەززە
ستیڤ ویتکۆف لە غەززە

هەزاران خۆپیشاندەر لە 'گۆڕەپانی بارمتەکان' لە ناوەندی تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داخوازیی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە.

یەکشەممە، 3ـی ئاب، بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی سی ئێن ئێن، بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دوو بارمتەی ئیسرائیلی بە  ناوەکانی ئیڤیاتار دەیڤید و ڕۆم براسلاڤسکییان، نیشان دەدات. دوو بارمتەکە، یەکجار لاواز و بێهێز دەردەکەون و دیار نییە چ کاتیک گرتە ڤیدیۆییەکان تۆمار کراون، بەڵام لەگەڵ وێنەی منداڵانی برسیی فەڵەستینی بڵاو کراونەتەوە.

بڵاو کردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە بووە هۆی ناڕەزایی و تووڕەیی ئیسرائیلییەکان و هەزاران کەس لە گۆڕەپانی بارمتەکان لە تەلئەڤیڤ گردبوونەوە.

ئەو دوو بارمتەیە، لەنێو ئەو پەنجا بارمتەیەدان کە لە کەرتی غەززە دەست بەسەرن و گومان دەکرێت لانیکەم 20 کەسیان هێشتا لە ژیاندا مابن.

گرووپە چەکدارەکان، گرتە ڤیدیۆییەکانیان لە کاتێکدا بڵاوکردەوە کە دانوستانەکانی ئاگربەست ڕاگیراون و فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی برسییەتیی بەرفراوان بوونەتەوە.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای سەردانی شوێنێکی جێناکۆکی دابەشکردنی هاوکاری لە کەرتی غەززە، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت "کۆبوونەوەیەکی زۆر سۆزداری" بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ نزیکەی 40 نوێنەری بنەماڵەی بارمتەکان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "کۆڕبەندی بنەماڵەی بارمتە و ونبووەکان" لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ویتکۆف ڕایگەیاندووە "دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەبێت 'هەمووی یان هیچ' بێت و هەموو 50 بارمتەکە لە غەززە بگەڕێنرێنەوە ئیسرائیل."

ویتکۆف گوتوویەتی "پلانەکە فراوانکردنی شەڕ نییە، بەڵکو کۆتایی پێ هێنانیەتی. ئێمە پێمانوایە کە دانوستانەکان دەبێت بگۆڕدرێن بۆ 'هەمووی یان هیچ' واتە شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنن و هەموو 50 بارمتەکە لە یەک کاتدا بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان، ئەمە تاکە ڕێگایە."

هەروەها بەپێی کۆڕبەندەکە، ویتکۆف بە بنەماڵەی بارمتەکانی گوتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا منداڵەکانتان دەگەڕێنێتەوە بۆ نیشتمان و سزای حەماس دەدات بەرانبەر هەر کردەوەیەکی خراپ کە لەگەڵ بارمتەکاندا کردوویەتی؛ ئەمەریکا ئەوەی بە چاکی بزانێت، بۆ خەڵکی غەززە دەیکات." 

ویتکۆف ڕاشیگەیاندووە "پلانێکمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ نیشتمان."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment