یانەی نەورۆز لۆگۆ نوێیەکەی نمایش کرد

لۆگۆی یانەی نەورۆز
لۆگۆی یانەی نەورۆز

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئابی 2025 یانەی نەورۆز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لۆگۆی نوێ یانەکەی نمایشکرد کە گوزارشت لە ئاگری نەورزۆ و وەرزی بەهار و هەروەها نوێ بونەوە دەکات.

یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی کە لە ساڵی 1994 دامەزراوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی پەردەی لەسەر لۆگۆی نوێی یانەکەی لادا. لۆگۆی یانەکە بە گشتی پێکهاتەی زۆرینەی لە رەنگی سوور پێک دێت لەگەڵ هەندێک رەنگی سپی. ئاگرەکەی ناو لۆگۆکە گوزارشت لە ئاگری نەورۆز دەکات و هەروەها دوو گوڵە نێرگزەکەش گوزارشت لە نوێ بونەوە دەکات.

یانەی نەورۆز بۆ جاری یەکەم لە مێژووی ساڵی 2021 گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. ئەو یانەیە خاوەنی یاریگایەکی ناوازەیە و یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراق و کوردستان. یانەکەی شاری سلێمانی وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ، یانەی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی یاسین ئاراس وەکو راهێنەری یانەکە ناساند. راهێنەرە کوردەکەی یانەی نەورۆز کە خەڵکی باکووری کوردستانە بەڵێنی بە هاندەرانی یانەکەیدا، هەموو هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان بدەن.

لۆگۆی نوێی یانەی نەورۆز

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment