سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی تۆوی كووله‌كه‌ و چه‌ند به‌رهه‌مێكی سروشتی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ

تۆوی به‌رهه‌مه‌ سروشتییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كاریگه‌ریی ئه‌رێنیان له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ به‌رنامه‌ ڕێكبخرێت و كاتی خواردن و به‌كارهێنانیان دیاریی بكرێت؛ تۆوی هه‌ر یه‌ك له‌ چیا، كه‌تان، كووله‌كه‌، كونجی و شمری چه‌ندان سوودیان بۆ مرۆڤ هه‌یه‌ و ده‌توانن له‌ به‌هێزكردنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ به‌شدار بن.

ڕۆژنامه‌ی تایمز ئۆف ئیندیا (Times of India)ـی ڕاپۆرتێكی شیكاری له‌باره‌ی سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی تۆوی هه‌ر یه‌ك له‌ چیا، كه‌تان، كووله‌كه‌، كونجی و شمری كه‌ له‌ لایه‌ن دكتۆر سۆراب سێتی، پسپۆری تایبه‌تمه‌ند له‌ نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌ندامی هه‌رس له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر یه‌كێكیان چه‌ندان سوودیان بۆ مرۆڤ هه‌یه‌ و ده‌توانن له‌ به‌هێزكردنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ به‌شدار بن.

تۆوی چیا: دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵی تواوە و ترشی چەوری (ئۆمیگا3). دکتۆر سێتی پێی وایە تۆوی چیا هەڵبژاردەیەکی تەواو و گونجاوە بۆ زیادکردنی وزە. دەستپێکردنی ڕۆژەکە بە تۆوی چیای له‌ئاوكراو، یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن و ڕێگریکردن لە کەوتنەخوارەوەی وزە، ئەمەش بەهۆی بەرزی ڕێژەی ڕیشاڵەکانیانەوە. هەروەها ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا3 لە تۆوی چیادا سوودی تەندروستییان بۆ دڵ هه‌یه‌. خواردنی تۆوی چیا دەبێتە هۆی تێربوون، بەمەش ئەگەری زیادەڕۆیی لە خواردن و زۆرخۆری کەم دەبێتەوە، بەڵام گرنگە بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌ خواردنی له‌ ئاو بكرێت. 

تۆوی کەتان: ماددەیەکی خۆراکی بەسوودە بۆ هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان. دەوڵەمەنده‌ بە لیگنان، پێکهاتەی ڕووەکی کە پشتگیری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئیسترۆجین دەکات. هەروەها خواردنی تۆوی کەتان هەوکردنی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە. جگە لەوەش، بە تایبەتی سوودبەخشە بۆ ئەو ئافره‌تانه‌ی کە تووشی هەڵاوسانی هۆرمۆنەکان دەبن. شارەزایان پێشنیازی وردکردنی تۆوی کەتان دەکەن بۆ ئەوەی هەرسکردنی ئاسانتر بێت، یان له‌گه‌ڵ ماست و نان تێكه‌ڵ بكرێت.

تۆوی كووله‌كه‌: دکتۆر سێتی پێشنیازی زیادکردنی خواردنی تۆوی كووله‌كه‌ی كردووه‌ له‌پاڵ ژه‌مه‌ خواردنه‌كان، به‌تایبه‌تی ئاستی بەرزی تریپتۆفان و مەگنیسیۆم لە تۆوی كووله‌كه‌دا یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی میلاتۆنین كه‌ بەرپرسە لە ڕێکخستنی ده‌ورانی خەو. خواردنی مشتێک تۆوی كووله‌كه‌ لە ئێواراندا دەبێتە هۆی ئارامبوونەوە و باشترکردنی کوالێتی خەو.

کونجی: دکتۆر سێتی جەختی لە ڕۆڵی کونجی کردووه‌ته‌وه‌ لە باشتركردن و به‌هێزكردنی ئێسک، بەو پێیەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینه‌كانی کالیسیۆم و زینک و سیسامین، کە چڕی و بەهێزی ئێسک باشتر دەکه‌ن. کونجی هەڵبژاردەیەکی نایاب و باشە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت تەندروستی ئێسکەکانیان بپارێزن.

تۆوی شمری: تۆوی شمری چارەسەرێکە بۆ کێشەکانی هەرس وەک ئاوسانی سک یان هەرس نەکردن. تۆوی شمری، ئانێتۆلی تێدایه‌، کە پێکهاتەیەکە ماسوولکەکانی ڕیخۆڵە ئارام دەکاتەوە و ئاوسانی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە. هه‌روها چارەسەرێکی سروشتی و کاریگەرە بۆ تێکچوونی کۆئەندامی هەرس. دوای ژەمەکان کەوچکێک تۆوی شمری بخورێت، یان تێكه‌ڵ به‌ چا بكرێت، بۆ ئەوەی ئاوسانی سک نەمێنێت و هەرسکردن ئاسان بكات. 

 
Fly Erbil Advertisment