16 سەنتەری ئۆتیزم لە هەولێر هەن

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 43 سەنتەری تازە کراوەتەوە، 16 لەو سەنتەرانە لە سنووری پارێزگای هەولێرن.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای پشووی یەک مانگە ئێستا دەوامی فەرمی سەنتەرەکانی ئوتیزم دەستیپێکردووەتەوە، ساڵانە لە یەکی تەمووز تاوەکوو یەکی ئاب پشووی فەرمی سەنتەرەکانی حکوومییە.

یوسف چاوشین گوتیشی: لە سنووری پارێزگای هەولێر 16 سەنتەری ئوتیزم هەن، کە دووانیان حکوومین و دانەیەک خێرخوازییە و ئەوانی دیکە نا حکوومین، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەرەکان دەکەن 700 تووشبووی ئوتیزمن، لەکاتێکدا هەزار و 390 تووشبووی ئۆتیزم لە هەولێر هەن.

بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، چوار داواکاریان بۆ هاتووە بۆ ڕێگەپێدان بە کردنەوەی سەنتەری نوێی ئۆتیزم.

59 سەنتەری حکوومی و ناحکوومی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، تەنیا لە کابینەی نۆیەم 43 سەنتەری تازە کراونەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment