لە هەڵەبجە هەفتە بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەفتە بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕۆژی هەینی لە هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت: ڕۆژی هەینی بازاڕەکە دەکەینەوە بە درێژایی ئەم مانگە هەموو هەینییەک لە کاتژمێر 4:00 تاکوو 11:00ـی شەو بەردەوام بێت.

دەشڵێت: لەو هەفتە بازاڕەدا زیاتر لە 100 جووتیاری پارێزگای هەڵەبجە، بە نمایشکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان بەشداری دەکەن. 

ستار مەحموود، ڕاشیگەیاند، ئەم چالاکییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و بە هەمەهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی جیهانی بەڕێوە دەچێت، ئەم هەفتە بازاڕە وەکو ئەزموونکردنێکە، سەرەتا ئامانجامان نمایشکردنی زۆرترین بەرهەمی خۆماڵییە کە لەم وەرزەدا پێگەیشتوون، کە لە تام و کولێتی و تازەیی و پاکیدا کەم وێنەن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment