سەنتەرێکی ئۆتیزم لە سێمێل کرایەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ناوەندی قەزای سێمێل سەنتەرێکی تایبەتی بۆ چارەسەر و چاودێریکردنی منداڵانی ئۆتیزم کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، ساڵح غازی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی سێمێل بە کوردستان24 ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ناوەندی قەزای سێمێل، سەنتەرێکی ئۆتیزمی بۆ چاودێری و چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم کردەوە، سەنتەرەکە توانای لەخۆگرینی 25 منداڵی هەیە.
گوتیشی: پێشووتر سەنتەری ئۆتیزم لە قەزاکە هەبووە، بەڵام کەرتی تایبەت بووە و ئەوەی ئێستا حکوومییە و سەنتەرێکی پێشکەوتوووە، ئەمەش لە پێناو و کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەیە کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.
لەبارەی شێوازی وەرگرتنی منداڵەکان، ساڵح غازی گوتی: منداڵەکان دەبێت تەمەنیان لەنێوان 4 بۆ 12 ساڵ بێت، سەرەتا لەلایەن لیژنەیەکی تەندروستییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی ڕێبەری چاودێری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێن، پاشان ناویان لەسەنتەرەکە تۆمار دەکرێت و دەست دەکرێت بە چارەسەرکردنیان.
گووتیشی: منداڵەکان لە سەنتەرەکەمان دەمێننەوە تاوەکو بەتەواوەتی ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بتوانرێت تێکەڵی نێوکۆمەڵگە بکرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی قورسی سەر شانی کەسووکاریان، تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا 43 سەنتەری تازەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.