ناوی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا یەکلایی کرایەوە

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا ناونرا 'کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی'، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، شاهێدی دەستپێکی سەردەمێکی نوێن و لە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی داین.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دابینکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبووەوە و، ناوی کۆمسیۆنەکە یەکلا کرایەوە و کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.
مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئیی پارتی بەشدارینەکردنی لە کۆمیسۆنەکە بە فەرمی راگەیاندووە، ئامانج لە دامەزاراندنی کۆمیسیۆنەکە دابینکردنی چوارچێوەی یاساییە بۆ پرۆسەی نوێ، کە لە گرنگترین کارەکانییان بریتی دەبێت لە؛ دیاریکردنی چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە دوای چەک دانان.
بە پێی زانیاری ڕۆژنامەکانی تورکیا، ئەندامێکی دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئاشتی، لە کۆبوونەوەکەدا داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاشی کرد و هەروەها داوای کرد مافی "هیوا" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدرێت.
باس لەوەش کراوە، ڕۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنەکە بۆ جاری دووەم کۆدەبێتەوە.
لای خۆیەوە، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، شاهێدی دەستپێکی سەردەمێکی نوێن و لە خاڵی وەرچەرخانی مێژووییدان. گوتیشی: کۆمیسیۆنی ئاشتی سەکۆی هەمووانە.
27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانی بەشداریکردن لە ڕێورەسمێکدا ڕایگەیاندبوو، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردبووەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.