وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا ڕاگەیەنرا

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت، کە تەمویلەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنج (ئایار) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
هەینی 25ـی تەممووزی 2025 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج کرا و پرۆسەکە تا ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بەردەوام بوو.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دابەش کرا.
هەر لە ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی ئەمساڵ، مووچەی مانگی ئایاری ساڵی 2025 و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2024 سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش کرا کە لە دوای 1ـی تەممووزی 2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیشیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ خەرج کرا.