لە گرتووخانەی ناسریە زیاتر لە 25 زیندانی سووتێنراون

ده‌سته‌ى زانایانى موسڵمان له‌ عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، لە گرتووخانەی ناسریە 27 زیندانی سووتێنراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لە گرتووخانەی ناسریە 27 زیندانی سووتێنراون ڕەنگە لەو ژمارە زیاتریش بێت و تا ئێستا هۆکاری سووتانی ئەو زیندانیانە دیار نییە و تەرمەکانیان له‌ پزیشكى دادن و هیچ بەدواداچوونێکیان لەلایەن حکوومەت و ڕاگەیاندنەکانیشەوە بۆ نەکراوە.

ده‌سته‌کە ڕاشیگەیاندووە، لە بارودۆخی نادیاردا، لە گرتووخانەکە کۆمەڵ کوژیی کراوە و بە ئاشكرا و نهێنیی، پێشێلكاریى مافى مرۆڤی تێدا ده‌كرێت، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت، هەروەها زۆرێكیش لە زیندانییەکان له‌ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانن.

هەروەها دەشڵێت: ئەوەی لە گرتووخانەکانی عێراق بە ئاشکرا و نهێنی دەکرێت، لە هیچ شوێنکی دونیادا نییە و داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە پشتیوانی لە دەسەڵاتی سیاسیی هەنووکەیی عێراق دەکەن و دەرفەت بۆ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەڕەخسێنن بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر عێراقدا بۆ ئەوەی بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە، جا تاکەکەس بن یان حکوومەت. بەرژەوەندییەکان لەبەرچاوبگرن، حکوومەتی عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی هاووڵاتیانی لەبەرچاو ناگرێت و گرنگی بە ئازارەکانیان نادات لەسەر ئاستی مرۆیی و جا هەر ئاستێکی دیکە بێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment