ئیسپانیا.. قەدەغەکردنی جەژنە ئایینییەکانی موسوڵمانان ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە

دیمەنی شارۆچکەی خومییا
دیمەنی شارۆچکەی خومییا

 شارەوانیی شارۆچکەی 'خومییا'ی ئیسپانی، بە دەنگی پارتی گەلی پارێزەران بڕیاری دا ڕێگری لە بەڕێوەبردنی چالاکییە 'نامۆکان بە کولتووری ئیسپانیا' لە ناوەندە گشتییەکان و هۆڵە وەرزشییەکاندا بکات.

شارەوانیی شارۆچکەی خومییا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا، بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییەکانی وەک ناوەندە مەدەنییەکان و هۆڵە وەرزشییەکان لە لایەن موسوڵمانانەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان، قەدەغە کرد.

ئەم قەدەغەکارییە یەکەمین حاڵەتی لەم جۆرەیە لە ئیسپانیا. بڕیارەکە، لەلایەن پارتی پارێزەرانی گەل (PP)ەوە پێشنیاز کرا و بە دەنگی پارتی ڕاستڕەوی تووندڕەوی ڤۆکس و دژایەتیی پارتە چەپڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن پەسەند کرا.

لە بڕیارەکەدا هاتووە "شوێنە وەرزشییە شارەوانییەکان نابێت بۆ چالاکیی ئایینی، کولتووری یان کۆمەڵایەتی کە بە ناسنامەی کولتووریی ئێمە نامۆن، بەکار بهێنرێن، تەنیا ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێیەوە ڕێکخرابن".

پارتی ڤۆکسی خۆجێی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە: "سوپاس بۆ ڤۆکس یەکەم ڕێوشوێن بۆ قەدەغەکردنی جەژنە ئیسلامییەکان لە شوێنە گشتییەکانی ئیسپانیا پەسەند کرا. ئیسپانیا بۆ هەمیشە وڵاتی مەسیحییەکانە و هەر واش دەمێنێتەوە".

مونیر بنجەلون ئەندەلوسی ئەزهەری، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی ئیسپانیا، بە ڕۆژنامەی "ئێل پایس"ی گوتووە "ئەمە بڕیارێکی ئیسلامۆفۆبی و ڕەگەزپەرستانەیە."

ئەزهەری هەروەها گوتی: ئەوان، واتە حزبە ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیا، کاریان بە ئاینەکانی دیکەوە نییە، بەڵکو بەدوای ئایینی ئێمەوەن. گوتاری ڕەگەزپەرستانە و هێرشی ڕاستڕەوەکان دژ بە ئیسلام، تا دێت زیاتر دەبن؛ ئێمە بەڕاستی لەوەی ئێستا لە ئیسپانیا ڕوو دەدات، سەرمان سوڕماوە. بۆ یەکەم جار لە ماوەی 30 ساڵدا هەست بە ترس دەکەین.

ژمارەی دانیشتووانی خومییا نزیکەی 27,000 کەسە، کە 7.5%یان خەڵکی ئەو وڵاتە موسوڵمانەکانن.

پێشبینی دەکرێت پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێتەوە، چونکە پێچەوانەی ماددەی 16ی دەستووری ئیسپانیایە کە دەڵێت "ئازادیی ئایدیۆلۆجی، ئایین و پەرستشی تاک و کۆمەڵگەکان پارێزراوە و هیچ سنووردارکردنێک لەسەر دەربڕینیان نییە جگە لەوەی کە بۆ پاراستنی نەزمی گشتیی پارێزراو بە یاسا پێویست بێت."

فرانسیسکۆ لوکاس، سەرکردەی سۆسیالیستەکان لە مورسیا، لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "پارتی گەل دەستوور پێشێل دەکات و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە."

خوانا گواردیۆلا، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سۆسیالیستی خومییا، گوتی: مەبەستیان لە ناسنامە چییە؟ ئەی دەربارەی کولتووری دەوڵەمەندی موسوڵمانەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی موسوڵمانان لە ئیسپانیا چی دەڵێن؟"

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment