کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکەی تاوتوێ کرد

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، کۆبووەوە و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، هەروەها ئەو کارانەی کە دامەزراوە و وەزارەتەکانی وڵاتەکە لە بارەی پرۆسەکە ئەنجامیان داوە، تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.
هەر یەکە لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوون.
بە پێی هەواڵی مێدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، هەروەها ئەو کارانەی کە دامەزراوە و وەزارەتەکانی وڵاتەکە لە بارەی پرۆسەکە ئەنجامیان داوە تاوتوێ کران.
لای خۆیەوە نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، بەرپرسان زانیاری بە کۆمیسیۆنەکە دەدەن لە بارەی پرۆسەکە، بەڵام بە هیچ جۆرێک زانیارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکرێن.
گوتیشی: دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە هەنگاوێکی مێژووییە و زەمینەی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە ئامادە دەکات و ئیدی ژینگەیەک دروست دەکرێت کە باسی چەک و شەڕ و ململانێ نەکرێت، بەڵکو باس لە ئاشتی، خۆشگوزەرانی و برایەتی بکرێت.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دابینکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبووەوە و، ناوی کۆمیسیۆنەکە یەکلا کرایەوە و کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.
27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانی بەشداریکردن لە ڕێورەسمێکدا ڕایگەیاندبوو، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردبووەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.