ئاکپارتی: کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەستوور هەموار ناکاتەوە

جێگری سەرۆکی ئاکپارتی ڕایگەیاند: لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا، هیچ بابەتێکی سەودا، دانوستان، سازش و گۆڕینی دەستووری وڵات بوونی نییە.

هەینی 8ـی ئابی 2025، حوسێن یایمان، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، لە بارەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا ڕایگەیاندووە، کاری کۆمیسیۆنی پەرلەمانی وڵاتەکە تەنیا، ڕادەستکردن چەکەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە.

دەشڵێت: لە پرۆسەکەدا هیچ بابەتێکی سەودا، دانوستان، سازش و گۆڕینی دەستووری وڵات بوونی نییە.

باسی لەوەش کرد، ئەم پرۆسەیە پڕۆژەیەکی دەوڵەتە بۆ ئەوەی سەدەی تورکیا بکرێتە سەدەی تورک، کورد و عەرەب.

هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.

نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، بەرپرسان زانیاری بە کۆمیسیۆنەکە دەدەن لە بارەی پرۆسەکە، بەڵام بە هیچ جۆرێک زانیارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment