ئێران پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات

ئێران پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات و داواش دەکات، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو دووڵاتە نەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا، ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیای بە "هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا" ناو بردووە و هاوکات نیگەرانیشی لە هەرچەشنە دەستوەردانێکی بیانی، بەتایبەتی لە نزیک سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و ئەو دوو وڵاتە، دەبڕیوە.
ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئابی 2025، بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە "کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر ڕێکارە سیاسی، یاسایی و ئابوورییەکان بۆ دابینکردنی ماف و بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی، پێی وایە کردنەوەی ڕێگای پەیوەندییەکانی ناوچەکە کاتێک دەتوانێت سەقامگیری، ئاسایش و پەرەسەندنی ئابووریی گەلانی ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە کە لە چواچێوەی بەرژوەندیی بەرانبەر، پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکەدا بێت و هیچ وڵاتێکی بیانی دەستی تێ وەرنەدات."
ئاماژە بەوەش دراوە، ئێران ئامادەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی بەرانبەر بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووریی ناوچەکە، درێژە بە هاوکارییە بنیاتنەرەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکە و وڵاتانی ناوچەکە بدات.
ڕۆژی هەینی، 08ـی ئابی 2025، ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، 'ڕێککەوتنی ئاشتی'یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندان دەیەی نێوانیان.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن کە بۆ تاهەتایە هەموو جەنگ بوەستێنن، دەست بە پەیوەندیی بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسی بکەن و ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن." باسی لەوەش کرد، گەمارۆی چەکی ئەمەریکی لەسەر ئازەربایجان هەڵدەوەشێنێتەوە کە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1992ـەوە بەسەریدا سەپێندرابوو.