عێراق هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە گرووپێکی چەکداری ناوخۆیی توند دەکاتەوە

حکوومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی بەرانبەر 'کەتائیبی حزبوڵڵا' توندتر کردەوە و ڕایگەیاند، هەندێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە بەهۆی پێکدادانێکی خوێناوی ئەم دواییەوە دادگایی دەکرێن و هەندێکی دیکەیان لە پۆستە فەرماندەییەکانیان دوور دەخرێنەوە.
شەممە، 9ـی ئابی 2025، حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارەتی هێرشکردنە سەر فەرمانگەیەکی حکوومی لە باشووری بەغدا، لە مانگی ڕابردوودا خستە ئەستۆی چەکدارانی کەتائیبی حزبووڵڵا. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس، کە یەکێکیان پۆلیس بوو.
چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا، لە کاتی شەڕی دژ بە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) لە لایەن ئێرانەوە مەشقیان پێ کراوە و بوونەتە بەشێک لە حەشدی شەعبی.
بەڵام، ئەم گرووپە بەوە ناسراوە کە هەندێک جار، سەربەخۆیانە کار دەکات گوێ بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی حکوومەتی عێراق نادات.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە ١٢ گومانلێکراو لەسەر هێرشەکەی 27ـی تەمموزی ڕابردوو بۆ سەر فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا دەستگیر کراون.
لە بەیاننامەکەی حکوومەتی عێراقدا هاتووە "گومانلێکراوەکان، چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە فەوجەکانی 45و 46ـی حەشدی شەعبی بوون و هێرشەکەش لەلایەن بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەکەوە سەرپەرشتی کراوە."
بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە "سەرەڕای تێوەگلان لە چەندان دۆسییەی گەندەڵی، ئەو بەڕێوەبەرە تۆمەتبارە بە ساختەکردنی بەڵگەنامە و بڕوانامە و گرێبەستی فەرمی بۆ ئەوەی نایاسایی دەست بەسەر زەویی کشتوکاڵی خەڵکدا بگرێت."
حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: لە کەموکووڕییەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لەناو حەشدی شەعبیدا نیگەرانین و سەرکۆنەی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەین کە ڕێز لە یاسا و ڕێکارە سەربازییەکان ناگرن".
بەرپرسێکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: فەرماندەی فەوجەکانی 45 و 46 ی حەشد و هەموو کەسێکی تێوگلاو لەو دۆسییەدا، سزا دەدرێن.
ئەو بەرپرسە هەروا گوتی: تا ئێستا 25 کەس دەستگیر کراون، زۆربەیان سەر بە چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵان و هەندێکیشیان هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوی هێرشکردنە سەر فەرمانگەکەوە نییە.
ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە ناکۆکی قووڵ لە عێراقدا هەیە لەسەر پێشنیازە یاسایەک کە ڕۆڵی حەشدی شەعبی و تەنانەت سەربەخۆییەکەشی فراوانتر دەکات.