جۆو وێڵسن: ئەگەر عێراق پێی وایە ئەمەریکا پارەی پێدەدات ئەوا هەڵەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، جۆو وێڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئەگەر عێراق و تونس پێیانوابێت سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەبێت لە پێدانی پارە، ئەوا هەڵەن.
جۆو وێڵسن، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: ئەگەر عێراق و تونس پێیانوابێت سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەبێت لە پێدانی پارە، لەکاتێکدا ڕقیان لێمانە ئەوا یان شێتن یان گەمژەن یان پێیان وایە سەرۆک ترەمپ گەمژەیە، هەڵەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 6ـی ئابی 2025، تۆڕی هەواڵی 'ئەلمۆنیتەر' مەرجەکانی ڕەشنووسی بودجەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2026، بڵاوکردەوە، کە لەڕەشنووسەکەدا گۆڕانکاریی لە پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراقدا کراوە.
ئەلمۆنیتەر ئاشکرای کردووە، لە ڕەشنووسی بودجەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمەریکادا هاتووە، هاوکارییە داراییەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق کەمدەکرێتەوە، بەڵام هاوکاریی دارایی دژە تیرۆر زیاد دەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵەکەی ئەلمۆنیتۆر، "پشتیوانی دارایی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە 189.1 ملیۆن دۆلار بۆ 48.2 ملیۆن دۆلار کەم دەکرێتەوە."
هەروەها لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە "حکوومەتی ئەمەریکا بڕیاریداوە بودجەی خۆی بۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە 9.3 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 63.6 ملیۆن دۆلار زیاد بکات، کە لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات"، جەختیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە ئەولەویەتەکانی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ عێراق.
ئەلمۆنیتۆر ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەمەریکا وەک هێزێکی هاوسەنگ لە عێراق سەیری دەزگای دژە تیرۆر دەکات لە بەرانبەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، "واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییەداراییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە سووریا."