هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هۆشداری لە کودەتا و گەڕانەوەی ئەندامانی بەعس دەدەن

پێشبینی دەکرێت سەدان ئەندامی حزبی بەعسی قەدەغەکراو لە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دوور بخرێنەوە، ئەمەش بەرزترین ئامارە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.
یەکشەممە، 10ـی ئاب 2025، ڕۆژنامەی (المدی) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە زاری پەرلەمانتار یاسر حوسێنی، بڵاوی کردووەتەوە "زیادەڕەوی لە ژمارەی ئەو کەسانەدا دەکرێت کە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات. تا ئێستا 20 پاڵێوراو بە بیانووی ئەوەی سەر بە حزبی بەعسی قەدەغەکراون، دوور خراونەتەوە."
بەڵام ئەم ژمارەیە لەگەڵ ئاماری دیکەی نافەرمیدا ناکۆکن کە لە ناوەندە سیاسییەکاندا باسیان لێوە دەکرێت، ئەوان دەڵێن نزیکەی 500 پاڵێوراو ڕێکارەکانی ڕیشەکێشکردنی بەعس دەیانگرێتەوە.
حوسێنی، کە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە، دەڵێت: ڕەنگە بیانووی بوونی پەیوەندیی بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، بۆ ئەوە بێت ڕێگە لەو کاندیدانە بگیرێت بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، کە ڕکابەری حزب و لایەنەکانی دیکەن.
ناوەندە سیاسییەکان ناوی نزیکەی 30 بەرپرس و پەرلەمانتاری پێشوو و ئێستا باس دەکەن کە یاسای ڕیشەکێشکردن دەیانگرێتەوە و هەوڵ دەدرێت دووبارە بهێنرێنەوە ناو پەرلەمان.
مالیکی: بەعس دەگەڕێتەوە
نووری مالیکی، لە دوایین وتاریدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، هۆشداری لە دزەکردنی بەعسییەکان بۆ ناو پەرلەمان یان دامەزراوەکانی دەوڵەت، دا.
مالیکی ڕایگەیاند "دەستووری عێراق جەختی لە قەدەغەکردنی حزبی بەعس و ڕێگریی لە گەڕانەوەی هێماکانی ئەو حزبە، بۆ ژیانی سیاسی لەژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا کردۆتەوە؛ بەعس، تاوانێکە کە بەسەرچوونی کات نایسڕێتەوە".
مالیکی ڕوونی کردەوە "دەستەی نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ ئەوە دامەزراوە تاوەکوو وەک لایەنێکی پسپۆڕ بەعسییەکان ئاشکرا بکات و ڕێکاری یاسایی لە دژیان بگرێتە بەر، لەوانەش ڕێگریی لە خۆپاڵاوتن یان بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا".
مالیکی جەختی کردەوە لەوەی "هەر چاوپۆشی و سستییەک لەم ڕێکارانەدا واتای کردنەوەی دەرگایە لەبەردەم دزەکردنی ئەوانە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەڕانەوەی بیری بەعسی لە ڕێگەی یاسا یان ئاسایش و ئابوورییەوە".
تۆمەتبارکردنی سوودانی
توێژەر و ئەکادیمیست محەممەد نەعناع، پێی وایە، مالیکی بەم هۆشدارییانە تیرەکانی بەرەو لیستە ڕکابەرەکانی دەهاوێت، بە تایبەتی بەرەو لیستەکەی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، کە بەپێی قسەی مالیکی، ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەی تێدایە کە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە هەواڵییەکان ناوی ئیسماعیل ئەلهلوب، بەرپرسێکی پێشووی سەلاحەدین و پەرلەمانتاری ئێستا هەیسەم ئەلزەهوان و پەرلەمانتاری پێشوو مزاحم ئەلتەمیمی و کەسانی تریان بڵاو کردۆتەوە، کە هەموویان لەناو لیستی سەرۆکی حکوومەت 'ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان' دان.
نەعناع بە (ئەلمەدا)ی گوت: مالیکی هەوڵ دەدات چانسی ڕکابەرەکانی لە ژینگەی هەڵبژاردنی خۆیدا کەم بکاتەوە. لە ڕاستیشدا کەسانێک هەن کە یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس دەیانگرێتەوە و لەناو لیستەکانی تردا خۆیان پاڵاوتووە.
نەعناع، بوونی پڕۆژەیەکی ڕێکخراو بۆ گەڕاندنەوەی بەعسییەکان بە دوور دەزانێت و ڕوونی دەکاتەوە "ئەمانە، وەک تاک خۆیان دەپاڵێون و ئێستادا هیچ پرۆسەیەک بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەکانەوە نییە".
هەوڵەکان بۆ داخستنی دۆسییەکە
محەممەد شیاع سوودانی، لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بەوە تۆمەتبار کرا لەوەی بە نیاز بووە ڕاوێژکارێک لە حکوومەتدا دابمەزرێنێت کە لە ساڵی 2001دا بە وەکالەت وەزیری بازرگانی بووە لە ڕژێمی پێشوودا.
هەروەها لە ساڵی 2024، دوو جار هەوڵی دا دۆسییەی 'ڕیشەکێشکردنی بەعس' دابخات و بیگوازێتەوە بۆ دادگا، بەو بیانووەی لە 'ڕێککەوتنی سیاسی' دا کە ساڵی 2022 حکومەتی لەسەر پێک هێنرا، بڕیاری لەسەر دراوە.
بەڵام دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، گواستنەوەی ئەرشیف و دۆسییەکانی بۆ دادگا ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە "ملیۆنان بەڵگەنامە هێشتا لەژێر وردبینیدان و ژمارەی ئەو کەسانەی ڕێکارەکان دەیانگرێتەوە لە یەک ملیۆن عێراقی کەمتر نییە، %25 یان لە دەزگا ئەمنییەکانی پێشوودا بوونە."
پیلانێکی دەرەکی
بە گوێرەی پەرلەمانتار یاسر حوسێنی "وروژاندنی بابەتی دوورخستنەوەی بەعسییەکان لەم کاتەدا، بەشێکە لە پیلانێک بە هەماهەنگیی دەرەکی و ئەم بابەتە ڕێکارێکی ئاساییە کە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا ڕوو دەدات".
لە مانگی تەموزی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی دادوەری جەختی کردەوە "پێویستە پێش هەڵبژاردنەکان، وردبینیی لە دۆسییەی ئەو کەسانە بکرێت کە یاسای 'ڕیشەکێشکردنی بەعس' دەیانگرێتەوە."
یاسای عێراق بەشداریی ئەندامانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو، یان دەزگا سەرکوتکەرەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، لە هەر هەڵبژاردنێکدا قەدەغە دەکات.