چێشتخانەی دۆرتمۆند یانەکەی لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ پەکخست!
دۆرتمۆند نەیتوانی گرێبەستی گەورە واژۆ بکات
یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لەمدواییانە بە هۆکارێکی نامۆ نەیتوانی گرێبەستی زیاتر لەگەڵ یاریزانان واژۆ بکات، بەهۆی پڕۆژە گرانبەهاکانی دیکەوە لەسەرووشیانەوە چێشتخانەی یاریگەی یانەکەی، ئەمەش هاندەرانی دۆرتمۆندی نیگەران کردووە.
دۆرتمۆند لەم هاوینە تەنیا 3 یاریزانی نوێی بردە ریزەکانی ئەوانیش بریتی بوون لە جۆب بێڵینگهام، ویان کۆتۆ و دانیال سڤینسۆن، کە تێچووی گواستنەوەی ئەم سێ یاریزانە گەیشتە 57 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، بوودجەی بۆرووسیا دۆرتمۆند لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە دیاریکراو بوو، بەهۆی نوێکردنەوەی تەواوەتی چێشتخانەی یاریگەکەی، کە تێچووەکەی دەگاتە 11 ملیۆن یۆرۆیە و دەکاتە 20٪ی بوودجەی ئەم وەرزەی یانەکە، ئەمەش چالاکییەکانی دۆرتمۆندی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان سست کرد.
ساڵێک لەمەوبەر دەستەی پشکنینی بازرگانی سەردانی یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارکی کردووە و ئاشکرای کرد کە چێشتخانەکە زۆر کۆنە و تێبینی خراپی لەسەر تۆمار کرد کە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانییە، ئەمەش یانەکەی ناچار کرد دەست بە نوێکردنەوەی چێشتخانەی یانەکەی بکات.
PRIORIDADES DEFINIDAS EM DORTMUND! 🥘🥗 Segundo a imprensa europeia, o Borussia gastou 11 milhões de euros em uma reforma na cozinha do Signal Iduna Park antes da temporada 2025/26. Uma torcida bem alimentada é uma torcida feliz! 😋👏 pic.twitter.com/FJGC9n8pLz
— TNT Sports BR (@TNTSportsBR) August 9, 2025
سەرەڕای گەیشتنی بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو و بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکانی ئەم هاوینە، بەڵام وەبەرهێنانەکانی دۆرتمۆند لە گواستنەوەکانی ئەم هاوینە تووشی سەختی بووە.
سەرچاوەکە هێمای بەوەش کردووە ئێستا دۆرتمۆند تەنیا نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆی لەبەردەستە بۆ ئەوەی یاریزانی دیکە بگوازێتەوە، بەڵام بەم بڕە پارەیە ناتوانێت گرێبەستی گەورە واژۆ بکات و هەوڵدەدات فابیۆ سیلڤا بگوازێتەوە کە نوێترین ئامانجی یانەکەیە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە، ئەمە لەکاتێکدا دۆرتمۆند نەیتوانیوە هیچ یاریزانێک بفرۆشێت کە خاوەنی مووچەیەکی زۆر بێت لە یانەکە.
بۆرووسیا دۆرتمۆند 5 یاریزانی هەیە کە لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت ئەوانیش: نیکۆلاس زۆلێ (29ساڵ)، ئێمرێ جان (31 ساڵ)، باسکال گروس (34ساڵ)، ساڵح ئۆزجان(27 ساڵ) و جوڵیان براندت (29 ساڵ).