هۆشیار زێباری: داڕمانی سیستمی کارەبا لە عێراق ئاماژە‌ی سه‌ركه‌وتنی پرۆژە‌ی ڕووناكییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان

ئەندامێكی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، داڕمانی سیستمی کارەبا لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی ڕووناكییه‌؛ ده‌شڵێت، حكوومه‌تی فیدراڵ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریكردنی ده‌ربڕیوه‌.

دووشه‌ممه‌، 11ـی ئابی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، داڕمانی سیستمی کارەبا لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پلەکانی گەرما كه‌ ئاستێكی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا بە هاونیشتمانیانی لە ڕێگەی پرۆژه‌ی ڕووناكییه‌وه‌.

هۆشیار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای پچڕانی شایسته‌ داراییه‌كانی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵ، به‌ڵام توانیویه‌تی له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی كاره‌با بۆ هاونیشتمانیانی سه‌ركه‌وتوو بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتووشیه‌تی، هه‌ر چه‌نده‌ حكوومه‌تی فیدراڵ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریكردنی ده‌ربڕیوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با.

دووشه‌ممه‌، 11ـی ئابی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کارەبای عێراق بە تەواوی کوژاوەتەوە، جگە لە کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەو کێشەیەش بەردەوام دەبێت تاوەکوو کێشەی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی کارەبا لە ڕیشەوە چارە نەکرێن.

ئاماژەشی داوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی دەستپێشخەرییەک بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، ڕێکخستنی داواکارییەکان، باسی لەوەش کردووە، بۆ ئەوەی عێراق کێشەی کارەبا چارە بکات دەبێت هەمان سیستەم پەیڕەو بکەن.

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چارەکردنی کێشەی کارەبای عێراق هاوکار بێت، هەر وەکوو ئەوەی ئێستا ئەو کێشەیەمان لە هەرێمی کوردستان چارە کردووە. بۆ ئەمەش وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆ دایە، بۆ ئەوەی هەر هاوکارییەکی تەکنیکی بۆ چاککردنەوەی کارەبای عێراق بە زووترین کات پێشکەش بکات.

 
Fly Erbil Advertisment