نەتەوەیەکگرتووەکان: ئیسرائیل لە پێناو نەگەیشتنی دەنگی غەززەییەکان بە جیهان، ڕۆژنامەنووسان دەکوژێت

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژنامەنووسان دەکوژێت لەپێناو ئەوەی دەنگی غەززەییەکان بەجیهان نەگات.
ستیفانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەتوندی سەرکۆنەی کوژرانی تیمی رۆژنامەوانی جەزیرە لە غەززە دەکەن، گوتیشی: ئەوەی ڕوویداوە هەوڵی ئیسرائیلە بۆ رێگریکردن لە گەیاندنی دەنگ و ئازاری خەڵکی غەززە بە جیهان.
دوژاریک جەختی کردەوە؛ پێویستە ئیسرائیل ڕێز لە ڕۆژنامەنووسان بگرێت و ڕێگەیان بدات بە شێوەیەکی بێلایەنانە ڕووماڵ بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا؛ شەڕی غەززە خوێناویترین شەڕ بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سەدەی 21 دا.
درەنگانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرە، ئەنەس شەریف، لەگەڵ سێ ڕۆژنامەنووسی هاوکاری و یاریدەدەرێکدا، لە خێوەتێکی نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل، کوژراون.
ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکانی دیکە بریتین لە "محەممەد قورەیقع، ئیبراهیم زاهیر و محەممەد نەوفەل."
بە گوتەی بەرپرسێکی نەخۆشخانەی شیفا، لە هێرشەکەدا دوو کەسی دیکەش کوژراون، بەڵام دیار نییە ئایا خەڵکی سڤیل بوونە یان نا؟
کەناڵی جەزیرە، ئەنەس شەریفی بە یەکێک لە ئازاترین ڕۆژنامەنووسانی غەززە ناوبرد و گوتی: هێرشەکە هەوڵێک بووە بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان بەرانبەر داگیرکردنی غەززە.
سوپای ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "شەریف، سەرۆکی شانەیەکی حەماس بووە و بەرپرسی هێرشە مووشەکییەکان بووە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی سوپای ئیسرائیل."