هاکان فیدان: ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردنی سووریا دەدات، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە
ئەسعەد شەیبانی: هاووڵاتیانی سوەیدا بەشێکن لە پەیکەری کۆمەڵایەتی گەلی سووریا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، شاندێکی باڵای سووریا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. شاندەکە پێکهاتبوو لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم سەلامی سەرۆکی هەواڵگری، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئەمنییەکان کۆبوونەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سووریەکەی گوتی: لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا سووریا وەڵامی ئەرێنیمان دەداتەوە، ئێمەش سوپاسیان دەکەین و ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ باشترکردنی دۆخەکە دەیکەین و پشتیوانیان دەکەین.
هاکان فیدان گوتیشی: پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت تورکیا، لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆر باش بووە، سەرەڕای بوونی هەندێک هەوڵ بۆ تێکدانی دۆخەکە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ سووریا کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی پیلانگێڕی و لابردنی ئاستەنگەکان و پەرەپێدانی سەرجەم کەرتەکان، دیارترینیان ئابووری، بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دروستبکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل هەوڵ بۆ لاوازکردنی سووریا دەدات و دەیەوێت کەشوهەوایەکی ئاژاوەگێڕی لەو وڵاتە دروست بکات، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە و کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە سەربەخۆیی و سەروەری سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین، ئێمە گەشبینین بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ هەموو ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە مەرجێک دەستوەردانی ناوخۆ نەبێت، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاژاوەگێڕی دەدەن.
هاکان فیدان ڕوونیشی کردەوە، زۆر حەز دەکەین پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ سووریا دابمەزرێنین و داواش لەحکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە دەکەین لە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ بەردەوام بێت، کە بەرژەوەندی گەلی سووریا بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەستەبەر بکات.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: سووریا دوای ساڵانێک شەڕ کە کاریگەریی لەسەر هەموو ماڵێکی ئەو وڵاتە هەبووە، سووریا بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ناتوانین باس لە داهاتوو بکەین بەبێ ئەوەی قسە لەسەر ئەو شتانە بکەین کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕوویانداوە و ئەو وێرانکاریی و ئازارانەی بەسەر ملیۆنان سوورییدا هاتوون.
ئەسعەد شەیبانی باسی لەوەش کرد، سووریا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەددایەکی مەترسیدار بووەتەوە، لە پێش هەموویانەوە دەستوەردان و هێرشەکانی ئیسرائیل، کە مەترسی لەسەر سەقامگیریی سووریا و تەواوی ناوچەکە دروست دەکات. هەروەها ڕووبەڕووی ئالنگاریی دەرەکی بووینەوە کە هەوڵی دابەشبوونی سووریا دەدەن و دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە.
شەیبانی دەشڵێت: کارمان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردووە و سەرەڕای سەختییەکانیش خزمەتگوزارییە سەرتاییەکانمان دەست پێکردووە. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە دەست درێژ دەکەینەوە بۆ هەر کەسێک کە ڕێز لە یەکگرتوویی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرێت.
جەختیشی کردەوە، باسمان لە ڕێگاکانی هاوکاریی سیاسی و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ تورکیا و گەڕانەوەی وردە وردە ئاوارە سوورییەکان بۆ شارەکانی خۆیان کرد.
وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی ڕووداوەکانی سوەیدا گاتی: سوەیدا بەشێکی دانەبڕاوە لە سووریا، گەلەکەی بەشێکن لە پەیکەری کۆمەڵایەتی گەلی سووریا. دەرکردن و پەراوێزخستنیان قبوڵ ناکەین، ئەوەی ڕوویدا لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە بۆ ڕواندنی ململانێی تائیفی لە ناوچەکەدا.