هاووڵاتییان و خوێندکارانی سووریا لە خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت نیگەرانن
هاووڵاتییان و خوێندکاران لە سووریا، بەتایبەتی لە دیمەشقی پایتەخت، گلەیی لە خاوی و خراپیی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکەن، ئەمەش بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم ژیانی ڕۆژانە و بەتایبەتیش پرۆسەی خوێندنی ئۆنلایندا.
محەممەد عەلی، خوێندکارێکی زانکۆیە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتی باش لە ماڵەوە، ناچارە ڕوو لە قاوەخانەکان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت وانەکانی بخوێنێت. ئەو دەڵێت: "ئێمە وەک خوێندکار زۆر پێویستیمان بە ئینتەرنێتە، بەڵام بەداخەوە هێڵەکان زۆر خاون. ناچارین بێینە قاوەخانەکان، چونکە لێرە ئینتەرنێت خێراترە".
لەلایەکی دیکەوە، یوسف سەفەدی، خوێندکارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 60% بۆ 70% ی خوێندکارانی سووریا پشت بە خوێندنی ئۆنلاین دەبەستن، بەڵام خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست کردوون. یوسف دەڵێت: "من وەک خوێندکارێک کە ناتوانم هەموو ڕۆژێک لە زانکۆ ئامادە بم، پێویستم بە ئینتەرنێتە بۆ ئەوەی وانەکانم بخوێنم. خاوی ئینتەرنێت بووەتە کێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خوێندکارانی زانکۆ".
کێشەی خاوی ئینتەرنێت تەنها خوێندکارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو خاوەن کار و دوکاندارەکانیش بێزار کردووە. یاسر عەلی، خاوەنی دوکانێکی مۆبایلە و دەڵێت: "کێشەی ئینتەرنێت لێرە زۆر گەورەیە. ئەگەر بتەوێت بەرنامەیەکی بچووکیش دابەزێنیت، کاتێکی زۆری دەوێت. زۆرجار ئینتەرنێت بە یەکجاری دەبڕێت یان زۆر خاوە".
سەرەڕای بەڵێنەکانی حکوومەتی سووریا بۆ باشترکردنی کەرتی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لەم بوارەدا بەدی نەکراوە. هاوڵاتییان داوا دەکەن کە حکوومەت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆربەی بوارەکانی ژیانیان دروست کردووە.