لاریجانی: سیاسەتی ئێران، سەربەخۆبوون و بەهێزبوونی وڵاتانی ناوچەکەیە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایگەیاند، سیاسەتی دەرەوەی ئێران ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە سەربەخۆ و بەهێز بن

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیرووت، ئەمەش یەکەم سەردانیەتی بۆ دەرەوەی وڵات دوای وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە بابەتی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان و بوونی چەک تەنیا بە دەستی سوپای لوبنان، بووەتە کێشەیەکی سیاسیی گەورە لەو وڵاتەدا.

بە گوێرەی بەیاننامەیەک کە لە لایەن حیزبوڵڵاوە دەرچووە، لاریجانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی لوبنان و فەلەستین کۆدەبێتەوە، هاوکات چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ئاماژەیان بەوە کردووە، لاریجانی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروت لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا کۆدەبێتەوە.

ئێران دەستبەرداری مقاوەمە نابێت

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوای دیدار لەگەڵ نەبیه بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: خۆشحاڵم کە دەرفەتی دیدار لەگەڵ گەلی خۆشەویستی لوبنانم بۆ ڕەخسا؛ لوبنان وڵاتێکی دۆستی ئێمەیە و تاران و بەیرووت مێژوویەکی دوور و درێژ بەیەکەوە هەیە.

لاریجانی گوتیشی: ئەمڕۆ دیدارم لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک کۆمار و نەبیه بەڕی هەبوو، بۆ ئێمە یەکڕیزیی لوبنان و سەرکەوتنی ئەم وڵاتە لە داهاتوودا گرنگە.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەختی کردەوە "سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە سەربەخۆ و بەهێز بن،پێمانوایە لەڕێگەی گفتوگۆی دڵسۆزانەوە دەتوانرێت کێشەناوخۆییەکان چارە بکرێن و  بڕیاری باشیان لە بارەوە بدرێت."

لاریجانی، هەروەها گوتی: پەیامی ئێمە ئەوەیە کە حکوومەتەکانی ناوچەکە سەربەخۆ و بەهێز بن، هەر وڵاتێک مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەرەی مقاوەمە گوتی: پێگەی دۆست و دوژمن تێکەڵ مەکەن، مقاوەمە سەرمایەی نیشتمانیی ئێوە و هەموو وڵاتانی ئیسلامییە. دوژمنی ئێوە ئیسرائیلە کە هێرشی کردووەتە سەرتان و دۆستی ئێوە کەسێکە کە بەرەنگاری ئیسرائیل بووەتەوە.

لاریجانی گوتیشی: هەوڵ مەدەن هەڵوێستی ئێران بگۆڕن، من بەرپرسی ئاسایشی وڵاتەکەمم. ئێران هیچ نیازێکی بۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، بەتایبەتی لوبنان نییە.

هەڵوێستی فەرمیی لوبنان

جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، پاش دیدارەکەی لەگەڵ لاریجانی ڕایگەیاند "لوبنان لە چوارچێوەی سەروەری و دۆستایەتیی بنیاتنراو لەسەر بنەمای ڕێز لەیەک گرتن، هاوکاریی لەگەڵ ئێران دەکات."

جوزێف عەون، هەروا جەختی کردەوە لەوەی "دەوڵەتی لوبنان و دامەزراوەکانی لە پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی لوبنان بەرپرسیارن و هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی ڕەت کردەوە."

چاودێرانی سیاسی دەڵێن "سەردانەکەی لاریجانی ڕای گشتیی و سیاسیی لوبنانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، لایەنگرانی حزبوڵڵا بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە سەردانەکە و وەک پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ بەرەی مقاوەمە تەماشای دەکەن، بەرەیەکی دیکەش سەردانەکە بە دەستخستنە ناو کاروباری ناوخۆی لوبنان لە قەڵەم دەدەن و داوا دەکەن، حکوومەتی لوبنان پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی، لەگەڵ ئێران بپچڕێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment