هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتن

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، زانیارییەکانی کوردستان24ـی لە سەر ڕێککەوتنی نوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پشت راستکردەوە.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوە دا، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق ڕێککەوتین، ڕێککەوتنەکەش لە لایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ. سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە ڕێککەوتنەکە بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووزەوە دەستیان پێکردووە و لەم ماوەیەدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، گفتوگۆیەکی زۆر لە 11ـی ئەم مانگە ڕێککەوتن لە سەرمیکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، کە هەناردەکردنەکە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی  کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆنووسی ڕێککەوتنەکە لەلایەن 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ و 5 ئەندامی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە و ئێستاش شاندەکەی فیدراڵ گەڕاونەتەوە بەغدا.

هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دوایی قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە هەنادەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا تۆمارکرا و بەهۆیەوە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا، کە بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و جەختیش لەوە دەکەنەوە، هیچ لایەنێک لەو بڕیارە سوودمەند نەبوون. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment