ئومێد خۆشناو: پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو و پشتێنەی سەوز، هەولێر دەبەنە قۆناغێکی گرنگ

"پرۆژەکانی فریاگوزاریی ئاو و ڕووناکی کاریگەرییان لەسەر نرخی زەوی لە هەولێر هەبووە"

پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: پرۆژەکانی فریاگوزاریی ئاو و ڕووناکی کاریگەرییان لەسەر نرخی زەوی لە هەولێر هەبووە. گوتیشی: تا کۆتایی ئەم ساڵ دووسایدی هەولێر-کۆیە تەواو دەبێت.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، شارەکە دەبێتە قۆناغێکی گرنگ، پرۆژەکە قۆناغی یەکەمی تەواو بووە.

پارێزگاری هەولێر، باسی لەوە کرد، لە پێنج ساڵی ڕابردوو 280 ملیار دینار، بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکانی شاری هەولێر تەرخان کراوە، تا ئێستا لە هەندێک گەڕەکی شارەکە کێشەی کەمیئاوی ماوە، بەڵام تا مانگی 11ـی ئەم ساڵ پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو دەگات بە سەرجەم گەڕەکەکان.

ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی کەم دەکاتەوە، لە پرۆژەکەدا فراوانبوونی هەولێریش لەبەر چاو گیراوە.

لە بارەی نرخی زەویوزار لە هەولێر، ئومێد خۆشناو، گوتی: بە گشتی لە هەولێر نرخی زەوی بەرز بووەتەوە، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان؛ بۆ سەقامگیری شارەکە. دووەمیان؛ بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

گوتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی کە زەوییان وەرگرتووە، داوایان لێدەکەم زەوییەکانیان هەرزانفرۆش نەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا خزمەتگوزاریی بۆ زەوییەکان دەچێت، ئەمەش وا دەکات نرخەکانیان زیاتر بەرز دەبنەوە.

خۆشناو باسی لە پرۆژەی ڕووناکی کرد و ئاماژەی دا، پرۆژەکە یەکێکە لە شاکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی عێراق، هەرێم تاکە شوێنە لە ڕێگەی ئەو پرۆژەوە دەتوانێت کارەبای 24 کاتژمێر بۆ دانیشتووانی دابین بکات.

سەبارەت بە پرۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی هەولێر- کۆیە، پارێزگاری هەولێر، ئاشکرای کرد، کارکردن زۆر بە خێرایی لە پرۆژەی دووسایدی هەولێر- کۆیە بەردەوامە، تا ساڵی 2026 بە دڵنیاییەوە تەواو دەبێت.

پارێزگاری هەولێر، لە بارەی پرۆژەی پشتێنەی سەوز، دەڵێت: ئێستا پرۆژەکە دەستی پێکردووە و هەولێر دەباتە قۆناغێکی زۆر گرنگ، پانییەکی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە.

هاوکات دەشڵێت: پرۆژەکە سیمایەکی جوان بە هەولێر دەبەخشێت، هەروەها کەشوهەوای شارەکە خاوێنتر دەکات، ئەوانەشەی زەوییان بەر پرۆژەکە دەکەوێت، قەرەبوو دەکرێنەوە و مافیان نافەوتێت.

خۆشناو، هەر لە باسی پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت، ئاماژەی بە پرۆژی ڕیسایکلینی زبڵ و خاشاک دا و گوتی: تیمێک لەو بارەیەوە کار دەکەن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا، ئاوی قورس و پاشەڕۆ ڕیسایکلین دەکرێن، کە کۆی پرۆژەکان گوژمەی 280 ملیۆن یۆریان بۆ تەرخان دەکرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment