حەماس: ئەگەر یەک نەگرن، کارەساتی غەززە لە پایتەختە عەرەبییەکانی دیکەشدا دووبارە دەبێتەوە

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس هۆشداری لە بارەی پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی هەموو خاکە عەرەبییەکان دەدات و جەخت دەکاتەوە کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ناتانیاهۆ سەبارەت بە ئیسرائیلی گەورە، پێویستی بە یەکگرتوویی هەموو عەرەب و موسڵمانان هەیە.
ئیسرائیلی گەورە، خەونی ناتانیاهۆ
عیزەت ڕشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "ناتانیاهۆ 'ئیسرائیلی گەورە' بە خەونی خۆی دەزانێت، بەڵام ئێمە بە وەهمێکی دەزانین کە پێویستە بە هەموو هێزمانەوە بۆ لەنێوبردنی یەکبگرین".
ڕشق، جەختی لەوە کردەوە "سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاشکرا نیازی خۆی بۆ فراوانکردنی داگیرکاری بە مەبەستی قووتدانی زۆرتری خاکە عەرەبی و ئیسلامییەکان، بە پشتیوانیی بێوچانی ئەمەریکا، دەردەبڕێت".
ئیسرائیل ڕێز لە عەرەب و موسڵمانان ناگرێت
ئەو سەرکردەیەی حەماس گوتیشی: ئێستا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە کە ناتانیاهۆ شەڕی پاکتاوکردنی گەلی فەڵەستین دەکات و بڕوای بە ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە نییە.
ڕشق ڕوونی کردەوە "ناتانیاهۆ، بە چاوێکی سووک دەڕوانێتە هەموو عەرەب و موسڵمانان.. ڕێز لە وڵاتانی عەرەبی و سەروەرییان ناگرێت و هیچ دەرفەتێک بۆ لێدانیان لەدەست نادات".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە هەفتەکانی یەکەمی شەڕدا، نەخشەیەک لەسەر جلوبەرگی سەربازە ئیسرائیلییەکان بڵاو کرایەوە کە تێڕوانینی ناتانیاهۆی سەبارەت بە سنوورەکانی ئیسرائیل تێدا کێشرابوو، ئێستاش دەرکەوتووە کە ئەو نەخشەیە تەنیا بیرۆکەیەکی کاتی نەبووە.
ئەرکی گرنگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی
سەرکردەکەی حەماس گوتی: بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و کۆنترۆڵکردنیان بە هەموو توانایەکەوە، گرنگترین ئەرکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییە؛ پێش ئەوەی درەنگ بێت و ئیسرائیل واقیعی نوێی سەربازی و سیاسی بەسەر عەرەب و موسڵماناندا بسەپێنێت. سوپای ئیسرائیل کە ئێستا لەسەر سنوورەکانی وڵاتانی عەرەبی وەستاوە، ئەگەر بە مستێکی ئاسنین ڕانەگیرێت، ئەو وڵاتانە داگیر دەکات.
خەونی ئیسرائیلی گەورە
ئەم قسانەی عیزەت ڕشق، دوای ئەوە هاتن کە ناتانیاهۆ لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوان خۆی و خەونی ئیسرائیلی گەورەدا هەیە و گوتی: من لە ئەرکێکی مێژوویی و ڕۆحیدام و لە ڕووی سۆزدارییەوە بە خەونی ئیسرائیلی گەورەوە بەستراومەتەوە".