ڕێکخراوە ناحکوومیەکان: سوپای ئیسرائیل ڕێگریی لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەن

دەیان ڕێکخراوی مرۆیی، سوپای ئیسرائیل بە ڕێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکەن، لە بەرانبەردا حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەو ڕێکخراوانە پابەندی ڕێنماییەکانی سوپا نەبوون، بۆیە ڕێگە پێدراو نین.

پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، زیاتر لە سەد ڕێکخراوی ناحکوومی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دا ڕایانگەیاند، بنکە سەربازییە تازەکانی ئیسرائیل ڕێگریی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە هاووڵاتیانی غەززە دەکەن، لە نێو ئەو ڕێکخراوانەدا ڕێکخراوی ئۆکسفام و پزیشکانی بێسنوور دەڵێن "تەنیا لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 60 داواکاریی گەیاندنی یارمەتییان لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕەتکراوەتەوە".

ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە ڕێگەپێدراو نین بۆ گەیاندنی یارمەتی و پابەندنین بە ڕێنماییەکان، بۆیە دەستکراوەن بۆ ئەوەی تۆماری ڕێکخراوەکان ڕەتبکەنەوە. 

وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل بە  ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: ژمارەیەک لەو ڕێکخراوانەی کە ڕێگرییان لێکراوە، لەژێر چەتری یارمەتی مرۆیی چالاکی تووندڕەوانە ئەنجام دەدەن و وەزارەتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگریی لەو ڕێکخراوانە ناکات کە پەیوەندییان بەم جۆرە چالاکییانەوە نییە و ئامانجیان تەنیا گەیاندنی یارمەتییە.

هەروەها ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە دزینی ئەو یارمەتییانە تۆمەتبار دەکات کە دەنێردرێنە کەرتەکە.

ئاژانسی فڕانس پرێس زانیاریی بەرگری شارستانیی کەرتی غەززەی بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژەی داوە لە مانگی ئایارەوە حکوومەتی ئیسرائیل پشت بە ڕێکخراوی مرۆیی غەززە "کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت" دەبەستێت، کە ئەو ڕێکخراوەش کارەکانی خۆی بە ناڕێکی ئەنجام دەدات و ڕۆژانە هەزاران کەس لە دەوریان کۆدەبنەوە بە ئامانجی وەرگرتنی یارمەتی و هەندێکیشیان ڕووبەڕووی پەلاماری سوپای ئیسرائیل دەبنەوە جگە لەو کەسانەی کە بەهۆی قەرەباڵغییەوە زیانیان پێدەگات و هەندێکشیان گیانیان لەدەست دەدەن.

بەڵام جوولیان فێلدفەیک، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کەیری مرۆیی لەغەززە دەڵێت: "بەهۆی ئەو ئاستەنگییانەی دەخرێنە بەردەممان لە کاتی تۆمارکردندا، ناتوانین ئەرکی خۆمان بەجێ بگەیەنین و گیانی هاووڵاتیانی غەززە ڕزگار بکەین، دەرەنجام بێ ئاوو و خۆراک دەمێننەوە و ڕێکخراوەکەمان لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ یارمەتییەک بگەیەنێتە کەرتی غەززە".

هەر لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023ەوە تا ئێستا، پەیوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوە مرۆییە دەرەکییەکان و حکوومەتی ئیسرائیل لە ناکۆکی بەردەوام دایە و هەردوولا تۆمەتی جیاجیا بۆ یەکتر دەدۆزنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment