زیقار.. کچێکی نابینا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی وێژەیی بەدەستهێنا و داواکارییەکی هەیە
فاتیمە تاڵیب، قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت (نابینا)، توانی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق لە پۆلی 12ـی ئامادەیی بەشی وێژەیی بەدەستبهێنێت، بە تێکڕای نمرەی 95.33.
فاتیمە، کە لە خێزانێکی هەژار و لە خانوویەکی سادەدا لە شارۆچکەی ڕووفاعی باکووری پارێزگای زیقار دەژی، بەهێزی ئیرادەی خۆی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی نابینایی بووەوە. ئەو سوپاسی خودا و دایک و باوکی دەکات کە گەورەترین پاڵپشتی بوون، هەروەها سوپاسی مامۆستا و هاوڕێکانی دەکات کە یارمەتییان داوە لە خوێندندا و وانەکانیان بۆ خوێندووەتەوە.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، فاتیمە خەمێکی گەورەی هەیە کە ئەویش چارەسەری چاوەکانیەتی. ئەو لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوایەکی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم هاوکاریم بکات بۆ گەڕاندنەوەی بینایی چاوەکانم."
باوکی فاتیمەش پشتگیری لە داواکارییەکەی کچەکەی دەکات و دەڵێت، حکوومەت هیچ ئاوڕێکی لە سەرکەوتنەکەی کچەکەی نەداوەتەوە. ئەو داوا لە حکومەت دەکات کە فاتیمە بنێرنە لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەتمەند، چ لە ناوخۆی عێراق یان لە دەرەوە، بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت، چونکە خۆیان توانای داراییان نییە. باوکی فاتیمە دەڵێت: "ئەگەر تەنها بۆ یەک چاویشی بێت و نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئەوەی دیکەیان بکرێت، من سوپاسگوزار دەبم، چونکە بەڕاستی ئێمە ئەو توانایەمان نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە، پارێزگای زیقار خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و پێویستییان بە پشتیوانی و چاودێریی حکومەت هەیە.