پارتی و یەکێتی: پێویستە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن

هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە هەوڵی ڕژد بدرێت، تا لە مانگی ئەلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات.

پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، لە شاری هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگەی هاوبەشیی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و، ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جیددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات.

هاوکات هەردوولا، جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment