شەش کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند: شەش کۆچبەری کورد، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کران، بەڵام بە هەماهەنگیی حکوومەتی لیبیا، هەموو ڕێکارکی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو کراون.

شەش گەنجی هەرێمی كوردستان، زیاتر له‌ مانگێك به‌ر له‌ ئێستا، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرە و عەممانی پایتەختی ئوردن بە ڕێ کەوتن، لەوێشەوە چوونە شاری بەنغازی لە لیبیا، بەڵام دواتر ویستویانە لە بەنغازییەوە بچنە تەرابلوس، هەر لەوێدا دەستگیر کراون.

ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە هەماهەنگیی حکوومەتی لیبیا، هەموو ڕێکارکی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو کراون.

باسی لەوە کرد، "دۆخی تەندروستیی کۆچبەرەکان ئێستا زۆر باشە، هەروەها هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەیە."

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، دەشڵێت: ئەو کۆچبەرە کوردانە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو دەگەڕێندرێنە عێراق و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment