دانیشتووانی کەرتی غەززە بهدهست قهیرانی مرۆییهوه گرفتارن

لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و توندتربوونی گەمارۆکان، دانیشتووانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان بوونەتەوە. هیواکان بۆ دەستگەیشتن بە ئاو و خۆراک کاڵبوونەتەوە و ڕۆژانە دەیان کەس بەهۆی برسێتی و بەد خۆراکییەوە گیان لەدەست دەدەن. ڕێگاکانی گەیشتن بە ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بوونەتە مەیدانی مەرگ و بە خوێنی ئەو کەسانە سوور بوون کە تەنها بە دوای پارووە نانێکدا دەگەڕێن.
مونا شامی، دایکی شەهید، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، "پێیان وتین سوهەیب لە نەخۆشخانەیە و شەهید بووە، نەمانتوانی باوەڕ بکەین. کە هاتین تەرمەکەیمان بینی. ئێمە لە ناوچەی فەخورە دەژیین، ئەو بۆ دابینکردنی دار و خۆراک بۆ خوشک و براکانی چووبووە دەرەوە."
عەبدولخالق شامی، باوکی شەهیدەکەش دەڵێت: "منداڵەکانی دیکەم هەموویان کچن و تەنها ئەو کوڕەم هەبوو، سوپاس بۆ خودا."
چیرۆکی ئەم خێزانە تەنها نموونەیەکە لە دەیان تراجیدیای هاوشێوە کە ڕۆژانە لە غەززە ڕوودەدەن. ژنانێکی زۆر لە کاتی گەڕان بە دوای خۆراکدا، ماڵئاواییان لە هاوسەر و کوڕەکانیان کردووە و دواتر تەرمەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە. ئەم دیمەنە دڵتەزێنانە بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی غەززە و ئازارەکان بە فرمێسک دەنوسرێنەوە.
فەریدە ئەبو غال، کە هاوسەرەکەی شەهید بووە، دەڵێت: "ئەو کوڕە باوکیشی هەر شەهید بووە. باوکی چوار کچ وچوار کوڕە. وتیان هاوکاری هاتووە، ئەویش چوو تاوەکو بۆ منداڵەکانی خواردن بهێنێت، لە دوورەوە فیشەکێکیان لە سەری دا. واتا ئەمە تەڵەیە ئیسرائیلییەکان بۆ گەنجەکانمانی دادەنێنەوە."
فەهمی بێک، هاوڵاتییەکی غەززە، ڕایگەیاند، "داگیرکەر دەیەوێت هەموو توانایەک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی گەنجەکانمان بکوژێت. ئەمە تەڵەیەکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ کوشتنی گەنجانی موسڵمان لە غەززە."
برسێتی لە غەززە چیتر تەنها قەیرانێک نییە، بەڵکو بووەتە جەنگێکی ڕۆژانە لە پێناو مانەوەدا. خەڵکی غەززە لە پێناو دابینکردنی پارووە نانێک، ناچارن ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە و ژیانیان بخەنە سەر دەستیان.