ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێکەوتەوە

ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ لەنێوان عێراق و ئێران بۆ پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوانیان کە درێژییەکەی 1400کیلۆمەترە، بووەتە هۆی تووڕەیی و نیگەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە چاودێری سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق یاداشتێکی لێکگەیشتنی ئەمنییان واژۆ کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا کاردەکەن بۆ؛ تۆکمەکردنی زیاتری سنوورەکان، داخستنی هەشت بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە عێراق، هەروەها ئاڵوگۆڕکردنی کەسانی داواکراو لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە دەربڕی و ڕایگەیاند: "پشتگیریی ڕێککەوتنێک ناکەین کە عێراق بکاتە بریکاری ئێران." شارەزایان پێیان وایە کە ئەم هەنگاوەی عێراق پێچەوانەی ویستی ئەمریکایە کە کار بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات.
وائیل حازم، شارەزایەکی ئەمنیی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە "قەبارەی ئێران گەورەتر دەکات،" و پێشبینی دەکات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی توندی هەبێت و ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی سزای قورس ببێتەوە.
لە وەڵامی نیگەرانییەکاندا، حکوومەتی عێراق هەوڵیداوە دۆخەکە هێور بکاتەوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە نوێ نییە و لە ساڵی 2023وە، کاری لەسەر کراوە. بە گوتەی ئەو، لە سەردانەکەی ئەحمەدیاندا "تەنها واژۆ لەسەر یاداشتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کراوە."
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن جەختی کردەوە کە "عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و ملکەچی سیاسەتی هیچ وڵاتێکی تر نابێت."
فازڵ ئەبوو ڕەغیف، ڕاوێژکار لە دەستەی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری، مافی خۆیەتی پەیوەندیی باشی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبێت، جا کوێت، ئوردن، سعودیە، یان ئێران بێت. ئەو دەڵێت: "دەبێت ڕێز لە پەیوەندییە مێژوویی و شارستانییە هاوبەشەکانی نێوان گەلانی عێراق و ئێران بگیرێت."