ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین: سەرکردەکانی ئەورووپا لەگەڵ زێلێنسکی سەردانی واشنتن دەکەن

وێنەی گریمانەیی 'ئەرشیف'
وێنەی گریمانەیی 'ئەرشیف'

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، سەرکردەکانی ئەورووپا لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، ڕۆژی دووشەممە، سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە برۆکسل پێشوازی لە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی دەکەین".

ئاماژەی بەوەش داوە، "لەسەر داوای زێلێنسکی سەرکردەکانی ئەورووپا هاوشانی ئەو سبەی دووشەممە، گەشتی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبنەوە."

لەو چوارچێوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند دووپاتیانکردەوە کە ڕۆژی دووشەممە لە واشنتن ئامادە دەبن، هەروەها مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی ناتۆش گەشتی واشنتن دەکات.

سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە "سبەی سەرۆکی فەرەنسا هاوشانی سەرۆک زێلێنسکی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەورووپی گەشتی واشنتن دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام، کە بەرژەوەندییەکانی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا بپارێزێت."

بڕیارە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەرۆ بەکاتی ئەمەریکا بەرێوە بچێت. هەروەها بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە دەکەن کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاشتیدا بە کیێڤ دەدرێن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕۆژی شەممە، 16ـی ئاب، کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا قسەی کردووە.

هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پشتڕاستی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرکردەکانی ئەورووپای لە ئەنجامی کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا لەگەڵ پوتن ئاگادار کردۆتەوە.

هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، ترەمپ بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک لەگەڵ زێلنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا قسەی کردووە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پێ ڕاگەیاندوون.  

هەر لەوبارەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی، ئۆکرانیا ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

ڕوونیشی کردووەتەوە، "ئێمە پشتگیری لە پێشنیازی ترەمپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا و ڕووسیا" . گوتیشی: "دەتوانرێت پرسە سەرەکییەکان لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن و لووتکەی سێ قۆڵی بۆ ئەمە گونجاوە".

زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، ترەمپ کورتەیەک لە "خاڵە سەرەکییەکانی" دانوستانەکەی لەگەڵ پوتن پێ ڕاگەیاندووە، گوتیشی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا باسیان لە "خاڵە ئەرێنییەکان" لە ئەمەریکاوە کردووە سەبارەت بە گەرەنتییە ئەمنییەکان.

هەروەها زێلینسکی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ڕۆژی دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، گەشتی واشنتن دەکات و لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی "کۆتاییهێنان بە کوشتن و شەڕ" دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment