لە بری پێدانی کارت، زەویی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ تاپۆ دەکرێن
سەرۆکی شارەوانی هەولێر: بەمنزیکانە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەست پێدەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ کوردستان24ی ئاشکرای کرد، بەمنزیکانە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بە سەر فەرمانبەرانی سوودمەندبوو بەڕێوەدەچیت و ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی دروست نەبێت، لە بری پێدانی کارتی زەوییەکان، سوودمەندبووان ڕاستەوخۆ زەوییەکانیان بە ناو دەکرێت.
ڕۆژی سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لەمەودوا ئەو زەویانەی دابەش دەکرێن بە کارت نابن، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەناوی خودی فەرمانبەری سوودمەندبوو تاپۆ دەکرێت. گوتیشی: ئەو زەویانەی دابەشکراون وێنەی تۆماریان بۆ ئامادە دەکرێت، بۆ ئەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە ڕاستەوخۆ بەناوی فەرمانبەرەکە، واتە خاوەنەکەی تۆمار دەکرێت.
پێشتر هەموو ئەو زەوییانەی دابەش دەکران، سەرەتا بە کارت پارچە زەوییەکان دیاری و دابەش دەکران، تا ئەو کاتەی وێنەی تۆمارەکانیان لەسەر ناوی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەردەچوو، پاشان بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی سوودمەندبووان تۆمار دەکرا، بەڵام بڕیارە لەمەدوا سەرۆکایەتیی شارەوانی لە بری پێدانی کارتی زەوییەکان، ڕاستەوخۆ نووسراوی تاپۆکردنی زەویی بۆ فەرمانبەرانی سوودمەندبوو بکات.
لەمبارەوە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەیدا، لە ڕابردوودا دابەشکردنی کارتی زەوی مامەڵەیەکی زۆری پێدەکرا و چەندین کێشە و گرفتی خێزانی و کۆمەڵایەتی دروست دەکرد، بۆ دووبارە نەبوونەوەی کێشەکان، ڕاستەوخۆ زەوییەکان بە ناوی خودی فەرمانبەرانەوە تاپۆ دەکرێن.
کارزان هادی ڕاشیگەیاند: لە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا 14 هەزار پارچە زەوی دابەشكراوە، تیمەكانی سەرۆکایەتیی و شارەوانییەکان كار لەسەر كوژاندنەوەی زەویی دیکەی کشتووکاڵی دەكەن، دوای ڕوپێوكاریی قۆناغی سێیەم بەمنزیكانە دەست پێدەكات.
لە 27ی ئایاری ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی حکوومەتدا، کە پێشتر سوودمەند نەبوون، سەرەتا قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە سنووری هەردوو ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ و گەرمیان دەستی پێكرد، دواتر پرۆسەکە ناوەندی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی گرتەوە، کە هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو پارچە زەوییەکی بە ڕووبەری 200 مەتری دووجا پێدەدرێت.