نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 380 کارمەندی فریاگوزاریی کوژراون

سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوو، 383 کارمەندی فریاگوزاریی کوژراون، کە نیوەیان لە کەرتی غەززە بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ژمارە پێوانەییە شەرمەزارییە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی 'ڕۆژی جیهانی مرۆیی' ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی کارمەندانی مرۆیی ساڵی 2024، بەراورد بە ساڵی 2023، 31% زیادیکردووە، دەشڵێت: ئەمە "بەهۆی بەردەوامی ململانێکانەوە بووە لە غەززە کە 181 کارمەندی مرۆیی تێدا کوژراون، هەروەها لە سوودانیش 60 کەس کوژراون."

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، 'ئۆچا' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، توندوتیژی دژی کارمەندانی فریاگوزاریی لە ساڵی 2024دا لە 21 وڵاتی جیهان بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیکردووە، لەمەشدا بەرپرسانی حکوومیی بەرپرسیارن.

جەختیشی کردەوە، کوژرانی 383 کارمەندی فریاگوزاریی، پێویستە وەک بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بێت بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی لە ململانێ و قەیرانەکاندا و کۆتاییهێنان بێت بە شەڕ و ململانێ.

نووسینگەی هەماهەنگی مرۆیی ڕاشیگەیاندووە، " لەهەمان ساڵدا 308 کارمەندی مرۆیی بریندار بوون، هەروەها 125 کارمەندیش ڕفێندراون و 45ـی دیکەش دەستگیرکراون."

تۆم فلیچەر، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی دەڵێت: "یەک هێرش بۆ سەر هاوکارانی مرۆیی، هێرشکردنە سەر هەموومان و  ئەو کەسانەیە کە خزمەتیان دەکەین."

ئۆچا ڕاشیگەیاند، "هیچ نیشانەیەک نییە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە ئارام بووبێتەوە، بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەسەرەتای ئەمساڵ تا 14ـی ئاب، 265 کارمەندی فریاگوزاریی لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەوبارەوە ڕایگەیاندووە، لەمساڵدا لە 16 ناوچەی جیادا، زیاتر لە 800 هێرش کراوەتە سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار و 110 کارمەندی تەندروستی و نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش برینداربوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە 19ـی ئابی هەموو ساڵێکدا، یادی ڕۆژی جیهانی مرۆیی دەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment