حکوومەتی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، نرخەکەی گران کردووە
حکوومەتی ئێران بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییانەوە، نرخی کارەبای گران کردووە و ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە. ئەوان دەڵێن سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە چەند کاتژمێر کارەبایان نییە، دەبێ بەراوەرد بە پێشوو کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەبوو، پارەیەکی زۆر زیاتر بدەن.
کێشەی پچڕانی کارەبا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا کێشەیەکی دیکەشی هاتووەتە سەر ئەویش گرانکردنی نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتییانە.
لە کاتێکدا کە ڕۆژانە چەند کاتژمێر کارەبا لەسەر هاووڵاتیان دەبڕێ و خاوەن دووکانەکان بە ناچار بۆ دابینکردنی کارەبا ڕوو لە کڕینی موەلیدە دەکەن. لە حەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە نرخی کارەبا گران بکات، ئەمەش لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەبێتە بارگرانییەکی قورس بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە.
ئەیوب ئەمینی، دانیشتووی بۆکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕابردوودا مانگانە نرخی 30ـی بۆ 40 هەزارمان بۆ دەهاتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە هیچ کارەبایەکمان نییە و دووبەرامبەریش پارەی کارەبا و ئاو دەدەین، نازانین ئەم بارودۆخە چۆنە، بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەین، هۆکاری نەبوونی کارەبا و زۆری نرخی کارەبامان پێبڵێن، ئێمە کە کەمتر لە جاران کارەبا بەکار دەهێنین بۆ دەبێت دوو هێندە نرخی کارەبا بدەین.
بە پێی بریاری حکوومەت، گرانبوونی بەهای کارەبا ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە300 کیلۆوات ساعەت کارەبا بەکار بێنن. حکوومەت دەیهەوێ لەم ڕێگایەوە هاووڵاتیان هان بدات کارەبایەکی کەمتر بەکار بێنن و بەم شێوەیەش بەشێک لە کورتهێنانی کارەبا قەربوو بکاتەوە.
خالید خێرخوا، دانیشتووی بۆکان دەڵێت: ڕۆژانە کارەبا دوو کاتژمێر بەیانیان نییە، دوو کاتژمێریش نیوەڕوان نییە و زیانێکی زۆریشی لە کارەکانی ئێمە داوە، هەرچەندە لە ڕابردووشدا کەمتر نرخی کارەبا دەهاتوە کە بە بەردەوامی هەبوو نرخی کارەبا 100 بۆ 150 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ پچڕانی کارەبادا نرخەکەش دووهێندە زیادی کردووە، بووەتە 450هەزار تمەن، زیانێکی زۆری لە ماڵ و کاسبکاران و هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە کارەبا هەیە پێگەیاندووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوینی ئەمساڵ تەنیا بۆ کەرتی نشتەجێبوون15 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەبوو. زیاتر لە 60٪ی کارەبای ئێران بۆ هەردوو کەرتی نشتەجێبوون و بازرگانی بەکاردێت و هەر بۆیە حکوومەت دەیهەوێ لە رێگای گرانکردنی نرخی کارەباوە، هاووڵاتیان ناچار بکات کارەبایەکی کەمتر بەکار بێنن. بەڵام ئەو بڕە کارەبایەی وەک لانیکەمی بەکارهێنان دیاریی کردووە، زۆر کەمتر لە پێداویستییەکانی ماڵێک یا دووکانێکی ئاسایییە