سووریا و ئیسرائیل لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کۆبوونەوە

وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبووەوە تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە سەقامگیری ناوچەکە و باشووری سووریایان کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پاریس لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبووەتەوە و تاتوێی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە ساقامگیری سووریایان کردووە.  

ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆکان لەسەر کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا و گەیشتن بە لێکگەیشتنێک کە پاڵپشتی سەقامگیری ناوچەکە دەکەن، چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974 بوو.

ڕاشیگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و پاراستنی خاکی سوریا بەڕێوەدەچن.

لای خۆیەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باش و پڕ زانیارییم لەگەڵ شێخ مۆفەق ترێف سەرۆکی ڕۆحی درووزەکانی ئیسرائیل و تیمەکەی ئەنجامدا، جەختی کردەوە دۆخی سوەیدا و چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان و بنیاتنانی لێکتێگەیشتنیان تاوتوێ کردووە.

ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە عەممان لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتا ئوردنییەکەی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبووەوە.

لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاریی و هەماهەنگی نێوان هەر سێ لایەنەکە کرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و سەروەری و ئاسایشی سووریا بکات، هاوکات ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری سووریا-ئوردنی-ئەمەریکی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ چەسپاندنی ئاگربەست لە پارێزگاری سوەیدا کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانەکە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment