دژوار فایەق: دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان بە دەستوور و شەراکەت لەگەڵ کورد دا نییە
هۆکاری جێبەجێنەکردنی ماددەی 140، ترس لە بەهێزبوونی ئابووری و سیاسیی کوردە

نوێنەری هەرێم لە لیژنەی ماددەی 140 ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان بە دەستوور، دیموکراسی، و شەراکەتی ڕاستەقینە لەگەڵ کورددا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، دژوار فایەق، نوێنەری هەرێم لە لیژنەی ماددەی 140، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لە سەرەتادا تەنها سێ نووسینگەی تایبەت بە ماددەی 140بۆ ناوچە کوردستانییەکان (کەرکووک، خانەقین، و شنگال) هەبوون، چونکە ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی ستەم، گۆڕینی دیمۆگرافی و بەعەرەبکردن ببوونەوە. بەڵام دواتر، لەسەر داوای لایەنە عێراقییەکان کە ئاماژەیان بە بوونی ستەمکاری لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکرد، بڕیار درا، نووسینگە لەو ناوچانەش بکرێتەوە.
نوێنەری هەرێم لە لیژنەی ماددەی 140 دەڵێت: ئەم بڕیارە لایەنێکی سیاسی و تەکتیکی هەبوو؛ هەندێک لە سیاسەتمەدارانی کورد پێیان وابوو بەشدارکردنی لایەنی شیعە، کە خۆیان قوربانیی ڕژێمی پێشوو بوون و گۆڕی بەکۆمەڵ و ڕاگوێزراویان هەبووە، دەبێتە هۆی ئاسانکاری و لابردنی کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەکە و پرۆسەی قەرەبووکردنەوە خێراتر دەکات. لەسەر ئەو بنەمایە، لە دوای ساڵی 2009وە، نووسینگەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش کرانەوە.
دەشڵێت: بە شێوەیەکی گشتیی، کارەکانی نووسینگەکانی ماددەی 140 لە ناوچە کوردستانییەکان زۆر بە سستی بەڕێوەچووە. بۆ نموونە، نووسینگەی شنگال دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 داخرا و تەنها چەند مانگێکە کراوەتەوە و دەست بە کارەکانی کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، جیاوازییەکی ڕوونیش لە خەرجکردنی پارەی قەرەبوودا بەدی دەکرێت؛ ئەو بڕە پارەیەی بۆ کەرکووک، خانەقین، و شنگال تەرخان کراوە، زۆر کەمترە لەوەی بۆ نووسینگەکانی باشووری عێراق خەرج کراوە. سەرۆکی لیژنەکە پاساوی ئەمە بەوە دەهێنێتەوە کە گوایە لە سەرەتادا پارەیەکی زۆر بۆ ناوچە کوردستانییەکان خەرج کراوە و ئێستا پێویستە هاوسەنگی ڕابگیرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، کارەکان لەم سێ نووسینگەیەدا وەک پێویست نین، بەتایبەت لە بابەتی پێدانی قەرەبوودا.
باسی لەوەش کرد، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم سنوورێکی فراوانیان هەیە، بەڵام ژمارەی نووسینگەکان زیاد نەکراوە. نووسینگەی شنگال تەنها یەک دانەیە و ناوچەکانی مەخموور، شێخان، و زومماریش دەگرێتەوە. هەرچەندە هەوڵ دراوە بکرێت بە دوو نووسینگە، بەڵام ڕەت کراوەتەوە بە بیانووی ئەوەی هەموویان سەر بە پارێزگای نەینەوان. لە ئێستاشدا بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی، نووسینگەکە بۆ شاری مووسڵ گواستراوەتەوە، و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی بۆ شنگال و دڵنیابوونەوە لە بەشداریی نوێنەری هەموو ناوچەکان.
ئەوەشی خستە ڕوو کە بەپێی بەدواداچوونەکان، زیاتر لە 400 هەزار خێزان هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی قەرەبووی ماددەی 140 دەکەن. حکوومەتی عێراق سەرەتا ساڵانە 100 ملیار دیناری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردبوو، بەو پێیە پرۆسەکە زیاتر لە 40 ساڵی دەخایاند. دوای هەوڵێکی زۆر، بڕە پارەکە بۆ 200 ملیار دینار زیاد کرا، بەڵام هێشتاش تەواوکردنی پرۆسەکە نزیکەی 25 ساڵی پێویستە. ئەمەش مانای وایە عێراق هێشتا لە قۆناغی یەکەمی ماددەکە (ئاساییکردنەوە) ماوەتەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن، بەهۆی درێژبوونەوەی کاتەوە کۆچی دواییان کردووە و قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دژوار فایەق دەڵێت: پێشنیاز کراوە، لەبری پارە، زەوی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش بکرێت کە قەرەبوویان وەرنەگرتووە، چونکە ئەم ڕێگایە دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت و ڕێگە بۆ چوونە ناو قۆناغەکانی دواتری ماددەکە خۆش بکات.
دژوار فایەق، نوێنەری هەرێم لە لیژنەی ماددەی 140 ڕاشیگەیاند، هۆکاری سەرەکیی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان بە دەستوور، دیموکراسی، و شەراکەتی ڕاستەقینە لەگەڵ کورددا نییە. ئەوان دەزانن جێبەجێکردنی تەواوەتیی ماددەکە دەبێتە هۆی، گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، گەڕانەوەی کورد بۆ زێدی خۆی و ڕاستکردنەوەی دیمۆگرافیا، هاوکێشەی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەو ناوچانە دەگۆڕێت.
هەروەها بەهێزبوونی ئابووری و سیاسیی کورد، ئەمەش ترسی لای لایەنە عێراقییەکان دروست کردووە، لەوانەیە ببێتە هۆی جیابوونەوەی کوردستان. بۆیە بە ئەنقەست یاری بە کات دەکەن و کار بۆ دواخستنی دەکەن. لە هەمان کاتدا، هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ گۆڕینی دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕینی ئەو ماددانەی کە مافە دەستوورییەکانی کوردی تێدا چەسپاوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ماددەی 140. دەسەڵات لە عێراق بە "دیکتاتۆریەتی زۆرینە" بەڕێوە دەچێت و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە شێوەیەکی هەڵبژاردە (انتقائی) مامەڵە لەگەڵ ماددە دەستوورییەکان دەکەن، ئەمەش کێشەی سەرەکیی بەردەم کوردە.