دادگای فیدراڵی: بەرپرسانى باڵاى عێراق نابنە خاوەنی پاسپۆرتی هەمیشەیی دیپلۆماسی

دادگای فیدراڵیی عێراقی لەسەر بنەمای دوو سکاڵا کە یەکێکیان لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تۆمار کرابوو، پێدانی پاسپۆرتی هەمیشەیی بە بەرپرسان و دیپلۆماتکاران بە نادەستووریی دانا، ئەمڕۆ دادگە داواکارییەکەی پەسەند کرد، بەو پێیەش پێدانى پاسپۆرتی دیپلۆماسی بەشێوەیەکی هەمیشەیی بە بەرپرسانی عێراق هەڵوەشێنرایەوە.

چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بە پێی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2025 هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرتی ژمارە 32ـی ساڵی 2015 کە یەکەمیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئەوەی دیکە لەلایەن وەزیری ناوخۆ تۆمار کراون، بە پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە کەسانی بەرپرس و دیپلۆماسی هەڵوەشاندەوە.

له‌م باره‌وه‌، شاره‌زایانی بواری یاسا و دەستوور وردەکاری ڕاگەیەنراوەکەیان بڵاوکرووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، پێشووتر هەر کەسێک پلەیەکی باڵای هەبووایە، دەبووە خاوەنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی و دواتر خانەوادەکەشی لێی سوودمەند دەبوون، بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عراق، کەسی بەرپرس و دیپلۆماسی تەنیا لەو کاتەدا دەتوانێت سوود لە پاسپۆرتی دیپلۆماسی وەربگرن کە لە پۆستێکی باڵای دیاریکراودان، دوای کۆتاییهاتن بە کارەکەی پاسپۆرتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و هیچ کەسێک لە خانەوادەکەشی سوودمەند نابن لە پاسپۆرتی هەمیشەیی دیپلۆماسی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment