ئاراس شێخ جەنگی: پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن چارە بکرێن

برایەکی لاهور شێخ جەنگی دووپاتی کردەوە، هەر کێشەیەک هەبێت بە گرژی چارە ناکرێت. دەشڵێت: خەڵکی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کارێک ناکەین ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی شارەکە.
پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهور شێخ جەنگیی سەرۆکی بەرەی گەل، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: من لەگەڵ ئەوە نیم هێزی ئەمنی بەو کاتە بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەم شەوە خەڵک بێزار بکەن.
هاوکات دەڵێت: هەر کێشەیەک هەبێت بە گرژی چارە ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە شێوەی گفتوگۆ چارە بکرێت، خەڵکی سلێمانی توانای بەرگەگرتنی دۆخی نائارامی نییە تا دابنیشێت و ببینێت فەرمان دەرکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی هێز لە سلێمانی.
گوتیشی: ئێمە خەڵکی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کارێک ناکەین ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی شارەکە.
ئەو برایەی لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بیر لەوە بکەنەوە هێرش بکەنە سەر لالەزار، ئەوا بە دڵنیاییەوە بارودۆخەکە باش نابێت، کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە و ڕووبەڕووبوونەوە ڕوودەدات.
باسی لەوەش کرد، "کۆکردنەوەی هێز لە لایەن یەکێتی کارێکی باش نییە و خراپە، لە ڕابردوودا تەنیا حزبی بەعس ئەو کارەی دەکرد"، هەر کێشەیەک هەیە با لە ڕێگەی یاساوە چارە بکرێت نەک بەو شێوەیە.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئیستا بە فەرمی هیچ بڕیارێکی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی لە دادگاوە دەرنەچووە، ئەو دەنگۆیەی هەیە دوورە لە ڕاستییەوە.
ئاراس شێخ جەنگی، ڕاشیگەیاند: من نازانم بۆ یەکێتی هێزی لە سلێمانی و دەوروبەری کۆکردووەتەوە، بۆیە پێویستە سەرۆکی یەکێتی هۆکارەکەی بۆ خەڵک ڕوونبکاتەوە.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد، کێشەی نێوان سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی بەرەی گەل، پێویستە بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن چارە بکرێت نەک بە شەڕ، ئەگەر شەڕ ڕووبدات بە دڵنیاییەوە تەشەنە دەکات و دەگاتە شوێنی دیکەش.
ئاراس شێخ جەنگی لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە پەیامێکی ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی: "من ئامادەم بۆ نێوەندگیری هەردوولایان تا کێشەکانیان چارە بکەن."