بە درۆن هێرشکرایە سەر فەرماندەیی هێزەکانی 70ی یەکێتی

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کەمێک لەمەبەر لە سلێمانی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی 70ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پێشووتریش درۆنێکی دیکە لە دەباشان لە نزیک ماڵی بافڵ تاڵەبانی کەوتە خوارەوە.

سێ کاتژمێرەی شەڕ و پێکدادانی لەنێوان هێزەکانی یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی بەردەوامە و بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێزەکانی یەکێتی بە تانک و چەکی دیکەی قورس لە دوای کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025، هێرشیان کردووەتەوە سەر هوتێل لالەزار، کە بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگییە.

تاوەکوو ئێستا بە چەندین جۆرە چەکی سووک و قورس، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەر هێز بەردەوامە و دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێزیش بیستراوە و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی و هوتێل لالەزاری داپۆشیوە.

لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دۆخی سلێمانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی یەکێتی شڵەژاوە و دوای دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو دانیشتووانی شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکی سەرچنار، بەهۆیەوە شەڕو پێکدادانەکانەوە، خەڵکێکی زۆر ئەوانەی لە لالەزار نزیکن، لەنێو ماڵەکانیان گیریانخواردووە و ناتوانن لە مەترسییەکان ڕزگار بکەن.

تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانیانی شەڕی ئەم دوو هێزە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام شەقامەکانی سلێمانی چۆڵ بوون و لە شەقامەکانی سەرچناریش بە بازگە و هێزی یەکێتی تەنراون.  

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment