لە بەغدا لەسەر ئامادەنەکردنی ژەمی ئێوارە, پیاوێک کوژرا
لە بەغدا، پیاوێک بە ناوی حەسەن ناسر، تەمەن 39ساڵ، دوای ئەوەی لەسەر ئامادەکردنی خواردنی ئێوارە لەگەڵ هاوسەرەکەی دەبێتە دەمەقاڵێیان، لەلایەن کەسوکاری هاوسەرەکەیەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بە سەختی بریندار دەکرێت، دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ڕووداوەکە 20 ڕۆژ لەمەوبەر لە گەڕەکی نەسری شاری بەغدا ڕوویداوە و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە.
بە گوێرەی وتەی باوکی قوربانییەکە، حەسەن کە پیشەی کاسب بووە، ئێوارەیەک دوای گەڕانەوەی لە کار، داوا لە هاوسەرەکەی دەکات کە خواردنی بۆ ئامادە بکات، بەڵام هاوسەرەکەی ڕەتی دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا. دواتر ژنەکە پەیوەندی بە کەسوکارییەوە دەکات و ئەوانیش کە ژمارەیان زیاتر لە 10کەس بووە، بە بۆکس و خەنجەر هێرش دەکەنە سەر حەسەن و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بە سەختی برینداری دەکەن.
حەسەن ماوەی 5 ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەدا کردووە و خاوەنی دوو منداڵن. خانەوادەی حەسەن سکاڵای یاساییان لەسەر 5 کەس لە کەسوکاری هاوسەرەکەی تۆمار کردووە، بەڵام سەرەڕای ئاشکرابوونی ناسنامەی تۆمەتباران، دەزگا ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ دەستگیرکردنیان نەناوە.
براکانی حەسەن، خالد و حەیدەر، نیگەرانی و تووڕەیی خۆیان لە کەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەکان دەربڕیوە. حەیدەر دەڵێت: "ئەمە چی فەوزایەکە! یانی چۆن کەسێک لە ماڵەوە نووستووە، 10 کەس بێنە سەری و بە خەنجەر بیکوژن و هەڵبێن، دوای دوو کاتژمێر ئینجا پۆلیس بگاتە شوێنی ڕووداوەکە."
خالیدی برایشی بەهۆی خەفەتی لەدەستدانی براکەیەوە تووشی نەخۆشی شەکرە بووە. بنەماڵەی قوربانییەکە مۆڵەتی کەمتر لە 10 ڕۆژیان داوەتە دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکان، ئەگەرنا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
کەسوکاری ژنەکە دوای ڕووداوەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەڵاتوون، ئەمەش گومانی زیاتری لەسەر تاوانەکە دروست کردووە.