حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار دەکات

کەناڵی زووم بڵاوی کردەوە، لیژنەیەکی حکوومەتی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار، سەردانی سلێمانی کردووە.
شەممە 23ـی ئابی 2025، کەناڵی زووم، کە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل خاوەنییەتی، بڵاوی کردەوە، بە ڕاسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار گەیشتە سلێمانی.
کەناڵەکە ئاماژە بەوەش کردووە، ئێستا لیژنەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار، هەروەها ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ڕووداوەکەش دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
هاتنی ئەم لیژنەیە لە کاتێکدایە، کە ڕووداوەکەی لالەزار کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لێکەوتووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لێکۆڵینەوەکانی ئەم لیژنەیە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.