پهیامنێری كوردستان24: سبەی شاندێکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی سبەی دەچنەوە بەغدا، ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئابی 2025، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 گوتی: شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی ناکۆکیان لەسەر هەیە، سبەی دەچنەوە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەشیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت، هاوکات شاندەکە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەر لە دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتەکە لە خۆ دەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، دوو بابەت هەیە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەری ڕێک نەکەوتوون، ئەوانیش داهاتە فیدراڵییەکانە، کە حکوومەتی عێراق داوا %50 داهاتی ئەو وەزارەتانە دەکات کە دەکەونە نێو داهاتیی فیدراڵی، هاوکات بابەتی دووەم ڕێککەوتنە لە سەر باج و ڕسومات.
هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی گوتووە، سبەی دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە ناکرێت، تاوەکوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەو بارەوە بدات. هاوکات دەبێت تاوەکوو ئەو کات لیژنە وەزارییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەشنووسی کۆتایی بداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکوو بڕیارەی لەسەر بدرێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕازی نەبوونی سێ کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی بە پەیامنێری کوردستان24ی گوت: ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە ئانوسات دایە.
هاوکات پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق فشاری لە هەر دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بکەن و گەرەنتی لە پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بکرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات. ئەوەشی خستەڕوو، ڕێکارەکانی ناردنی نەوت لە بەندەری جەیهان تەواو بوو و تورکیا ڕەزامەندی داوە.
بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکانی داوا دەکەن ڕێککەوتن لەسەر شایستە داراییەکان بکەن، بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت، لە بەرانبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی داوە، ئەگەر ڕێکیش نەکەوین ئامادەن شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بدەین، باسیان لەوەش کردوو ڕازیکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
چوارشەممە 20ی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاندبوو: شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، هەردوولا لە بارەی پێداچوونەوە بە بڕی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ مانگەکانی 7 تا 12ی ئەم ساڵ، و لەسەر داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕێککەوتن، بەڵام تا ئێستا لەسەر باج و ڕسوومات ڕێکنەکەوتوون.
هاوکات لە بارەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کوردستان، دیلان بارزان، ئاماژەی بەوە دابوو، هەردوولا ڕێککەوتن تا کۆتایی ئەم ساڵ پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە تەواو بکرێت.