"دەبێت دەستەی كارگێری ئێستای یانەی هەولێر هەڵبوەشێتەوە"

بەڕێوەبەری گشتی وەرزش "دەستێوەردان لە یانەی هەولێر دەكرێت"

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی تەواوکاریی یانەی هەولێر بە نایاسایی دادەنێت و ئەم هەنگاوەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر رەتدەکاتەوە.

سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سەرەتا وەڵامی بەیاننامەکەی یانەی هەولێری دایەوە و دەڵێت "بەشێک لەنێو یانەکە پێیانوایە یانەی هەولێر سەر بە بەغدایە، بەڵام ئەوەیان بیرچووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تریلیۆن پارەی داوەتە ئەم یانەیە، لە کاتێکدا بەغدا تەنانەت 250 دیناری بە یانەی هەولێر نەداوە".

 

بەڕێوەبەری گشتی وەرزش دەشڵێت "ئەوان هەڵساون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە کە لە زۆر رووەوە نایاساییە، لەنێوانیاندا بەپێی یاسا دەبێت زۆرینەی دەستەی گشتی ئامادەبن، بەڵام ئەوە نەکراوە، هەروەها بەپێی یاسا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک ناکرێت بەڵکو هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕییە، بەڵام ئەوان دوێنێ ئەم کارەیان کردووە".

سەردار ئیسماعیل هێما بۆ ئەوەش دەکات "بە هاوکاری چەند کەسێکی کورد لە بەغدا دەستێوەردان لە یانەی هەولێر دەکرێت"

ناوبراو هێما بۆ ئەوەش دەکات" هەر هەڵبژاردنێک لە یانە وەرزشییەکان بکرێت، پێویستە بەشێوەیەکی ئاشکرا بێت، پێویستە 10 رۆژ پێشتر ناوی ئەندامانی دەستەی گشتی لەشوێنێکی فەرمی و باوەڕپێکراو بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەمانە لە یانەی هەولێر هیچی نەکراوە".

بەڕێوەبەری گشتی وەرزش رایگەیاند "دەبێت دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەی هەولێر هەڵبوەشێتەوە و دەستەیەکی کاتی دانرێت، دوای ماوەیەک هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ دەستەی کارگێڕی بکرێتەوە"

دوێنێ شەممە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی دەستەی گشتی یانەكە هەڵبژاردنی تەواوكاریان بۆ سەفین یاسین سەرۆكی ئێستای یانەی هەولێر كرد بۆ ئەوەی بە یاسایی وەكو سەرۆكی یانەكە بەردەوامی بە كارەكەی بدات، لە هەڵبژاردنەكە كەمتر لە 30 ئەندام ئامادەبوون كە زۆرینەی یاریزانانی یانەی هەولێر بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment