زیاتر لە 120 هەزار گەشتیاری عێراقی لە مانگی ڕابردوو سەردانی تورکیایان کردووە

وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ڕایگەیاند: عێراق لە ڕووی ژمارەی گەشتیارەوە کە مانگی تەمووزی ئەم ساڵ سەردانی تورکیایان کردووە، لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان لە پلەی دووەم دێت.
یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە مانگی تەمووزی ئەم ساڵدا زیاتر لە 121 هەزار و 810 گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیایان کردووە.
بە پێی ئاماری وەزارەتەکە، لە مانگی ڕابردوودا، 198 هەزار و 645 گەشتیاری سعوودی سەردانی تورکیایان کردووە، ئەمەش لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان لە پلەی یەکەم دێت.
هەروەها عێراق بە 121 هەزار و 810 گەشتیار لە پلەی دووەم دێت، هەروەها ئوردن بە 41 هەزار و 485 گەشتیار و کوەیت بە 33 هەزار و 529 گەشتیار لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو مانگ لەمەوبەر، عێراق لە پێشەنگی وڵاتە عەرەبییەکاندا بوو لە ڕووی ژمارەی گەشتیارەوە کە سەردانی تورکیایان کردبوو.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار، لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی دەکەن.
گەشتیاران بە زۆری لە وڵاتانی ڕووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، بولگاریا، ئێران و عێراقەوە ڕوو لە تورکیا دەکەن.
هەروەها شاری ئیستانبوڵ لە وڵاتەکە، لە ڕووی ژمارەی سەردانیکردنی گەشتیارەوە بە پلەی یەکەم و ئەنتاڵیاش بە پلەی دووەم دێن.