پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی دەکات

پەرلەمانی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی لە مانگی داهاتوودا دەستپێکردووە، کە تێیدا بڕیارە بابەتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی یەکلایی بکرێتەوە.

دوای چەندین مانگ لە وەستان، هەوڵەکان لە دەرەوەی پەرلەمان، گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لە نێوان 1 بۆ 15ی ئەیلوول، پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکاتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، یەکەم کار هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت، کە پێکدێت لە سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان.

سەبارەت بەم پرسە، لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن. هاوکات، پارتی یەکێتی کاندیدی بۆ هەر سێ پۆست ئامادە کردووە.

جوتیار یوسف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە کوردستان24ی گوت: پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی مانگی نۆدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. مەرج نییە سەرۆکێک بەردەوام بێت، ڕەنگە لە داهاتوودا بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو لا گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، پێکهاتەکانیش داوای پشکی خۆیان لە دەستەی سەرۆکایەتیدا دەکەن. ڕامی نووری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی کریستیان، دەڵێت: ئێمە داواکارییەکمان ئاراستەی فراکسیۆنە گەورەکان کردووە بۆ ئەوەی یەکێک لە سێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ پێکهاتەکان بێت.

بەپێی یاسا، لە یەکەم دانیشتندا بە دەنگدانی نهێنی و بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت. دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و لیژنە هەمیشەییەکانیش هەڵدەبژێردرێن.

سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی دا، پەرلەمانی کوردستان بەپێی ماددەی 48 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە یەکەم دانیشتنیدا بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ، سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێن.

بەپێی بەدواداچوونێکی کوردستان 24، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوایان لە پەرلەمانتارەکانیان کردووە، ئەوانەی گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان کردووە پێش 1ی 9 بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و ئەوانەشیان کە نیازی گەشتیان هەیە، گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بن کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دوای ئەوەش قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان کارەکانی دەستپێبکات."

 
Fly Erbil Advertisment