سلێمان موحسین: ڕووداوەکەی لالەزار پەڵەیەکی ڕەشە

شاندێکی بەرەی گەل، لە بەشی سکاڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە ڕووداوی هێرش کردنە سەر لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سکاڵای تۆمارکرد. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەکە گوتی: ڕووداوەکەی لالەزار پێشێلکارییەکی زەقە.
یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، شاندێکی بەرەی گەل بە سەرۆکایەتیی سابیر عەبدولڕەحمان، کە ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەکەیە، سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
شاندەکە لە بەشی سکاڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە ڕووداوی هێرش کردنە سەر لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سکاڵای تۆمارکرد.
لەم بارەوە، سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە نزیکەوە چاودێری کەیسەکە دەکەین و جەخت لە سەروەریی یاسا دەکەینەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەکە، دەڵێت: ڕووداوەکەی لالەزار پەڵەیەکی ڕەش و پێشێلکارییەکی زەقە.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە تۆمەتبار لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت، نەک هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆ.
سەبارەت بە چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی، سلێمان موحسین سندی گوتی: هەر وەکو چۆن لە زیندان سەردانی شاسوارمان کرد و لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشیمان کرد، بە هەمان شێوە هەوڵ دەدەین لە ماوەکانی داهاتوودا سەردانی لاهوریش بکەین.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.